هۆز و تیرەکانی جاف   -   جافی گۆران
جافی گۆران و تیرەکانی

جافی گۆران و تیرەکانی

جافی گۆران بەگشت تیرە و هۆزەکانییەوە، خاوەنی مێژوویەکی دێرین و ڕەسەنن، وەلێ ئەو زانیارییە تۆمارکراوانەی لەسەر جافی گۆران هەن، وەک تێکڕا بەشەکانی تری جاف، زانیاریگەلێکی کەم و ناتەواون. لە ڕاستیشدا باسی جافی گۆران و تیرە و هۆزەکانیان تەنها لە هەندێک دەستنووس و سەرچاوەی ئیسلامیدا هاتووە کە بە ئاشکرا ئاماژەی داوە بە هەندێک لەو تیرانە وەک: نیرێژی، تایشەیی، قادر میروەیسی، بێداخی، ئەلیاسی. بە هەمانشێوە ناوی جافی گۆران لە هەندێک دەستنووسەکانی هەردوو سەدەی حەوت و هەشتی کۆچیدا هاتووە. بەڵام پاشتر باس و هەواڵی جاف بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەند و بڵاوبوونەوە، نەخاسمە لە سەردەمی سەفەوییەکان و ئەفشارەکاندا (حوکمی نادر شای ئەفشار). ئەوەبوو لەو سەردەمانەدا تیرەکانی نیرێژی و تایشەیی و قادر میروەیسی و بێداخی و بێویانی و ئەلیاسی لە یەکگرتووی عێلی جاف دابڕان و بەرەو ناوچەکانی عێلی گۆران لە سنووری داڵەهۆ و زەهاو و دەوروبەریاندا، ڕەویان کرد. ئەمەش لەو کاتەدا ڕوویدا کە فەرمانڕەواکانی میرنشینیی ئەردەڵان (پایتەختەکەیان سنە بوو) دەستیان بەسەر جوانڕۆدا گرت (زێدی ڕەسەنی جاف)، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆ دەرەوەی ڕەویان کرد (بەرەو کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری سیروان لە کوردستانی عێراقدا و ناوچەکانی عێلی گۆران لە کوردستانی ئێراندا).

پاشان تیرە و گرووپەکانی جافی جوانڕۆ کە چووبوونە سنووری عێلی گۆران، لەسەر لەوەڕگا لە نێوان خۆیاندا بووبە شەڕیان و هاتن بەیەکدا، ئەمەش وایکرد کەیخسرەو بەگی سەرۆکی جاف، قادر بەگی کوڕی بنێرێتە لای جافە بەشەڕ هاتووەکان بە مەبەستی پێکهێنان و ئاشتکردنەوەیان. بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئاشتی بێتە دی، گوللەیەکی سەرکێشی وێڵ لە کاتی شەڕەکەدا، بەر قادر بەگ کەوت و کوشتی، بەوەش دۆخەکە زیاتر تێکچوو و ئاڵۆز بوو. ئەوجا هەندێک لە تیرەو هۆزە بەشەڕ هاتووەکان، لە ترسی تۆڵە سەندنەوە لێیان، پەنایان بۆعێلی گۆران برد و لە لایەن ئەوانەوە داڵدە دران و بە گەرمی پێشوازیکران و، موڵک و کێڵگەیەکی بەرینیان لە ناوچەکانی گوارە و پاڵان و سیاوانەداپێدرا و، هێزە شەڕکەرەکانیشیان لەگەڵ هێزەکانی گۆراندا یەکیان گرت. لە ڕاستیدا، مێژوونووس ڕائوول لینسن کە زانیاریی لەمەڕ هێزیی جەنگیی عێلی گۆران و دامەزراوە سەربازییەکەیەوە تۆمار کردووە، بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بەناوی ئەو تیرە و هۆزانەی جافە نەداوە کە پێوەندییان بە عەشیرەتەکانی گۆرانەوە کرد. بەهەرحاڵ ئەم جافانە دواتر لە عەشیرەتەکانی گۆران جیابوونەوە، ئەویش دوا بە دوای پەرەسەندنی هێزی جەنگیی جافی جوانڕۆ (نەخاسمە تیرەکانی باوەجانی، قوبادی، وەڵەبەگی) و دەستبەسەراگرتنیان بەسەر موڵک و لەوەڕگایەکی زۆر لە دەشتی زەهاو و سەرقڵادا لەلایەک و، مۆرکردنی ڕێکەوتننامەی 1914 لەلایەکی ترەوە کە بووبە هۆی گۆڕینی نەخشەی زەوی و کێڵگەکان و شێوەی موڵکدارێتییان (لە نێوان سنووری عێراق و ئێراندا).

فارس من فرسان الجاف گوران

قادر بگ الجاف

كيخسرو بگ رئيس قبلة الجاف والد الشهيد قادر بگ الجاف

لێرەدا ناوی گرنگترین تیرە و هۆزەکانی جافی گۆران و پێناسەیان بەم شێوەیە تۆمار دەکەین:


تیرەی نیرێژی

ژمارەی ئەم تیرەیە بە هەزار خێزان مەزندە دەکرێت، هەندێکیان لە چیای بنی گز و سنووری جافی جوانڕۆ لەگەڵ عێلی گۆراندا (نزیک بە زێدی تیرەی وەڵە بەگی) نیشتەجێن. و هەندێکیشیان لە دەشتی زەهاودان. ڕۆڵەکانی ئەم تیرەیە لە زستاناندا کۆچیان بۆ ناوچەکانی بان زەمین و گهوارە دەکرد. بە هاوینانیش دەچوونە ناوچەکانی گۆران و نیرێژ. هەروەها نیرێژییەکان بە زاراوەیەکی جافانەی ڕەسەنی (کوردی) قسە دەکەن. گرنگترین هۆزەکانیشیان: کویک-ە (هەندێکیان لە ناوچەی زەهاو و بەشێکیشیان لە ناوچەکانی شادی ئاباد و ڕوانسەردا نیشتەجێن). لەنێو ئەم تیرەیەدا چەند سەرۆکێکی لێهاتوو ناوبانگیان دەرکردووە، نموونەی سەفەروەیس سوڵتان و یاروەیس سوڵتانی کوڕی. پاش مردنی یاروەیس سوڵتان، ئەکبەر خان بووەتە سەرۆک و بەدووی ئەویشدا ڕەزا خان نیرێژی وەک سەرۆکێکی دیار و بە توانا دەرکەوتووە. لە ڕاستیشدا ناوبراو (ڕەزا خان) کەسایەتییەکی خێڵەکی و کۆمەڵایەتیی لێهاتوو و دلێر و دانا و خواپەرستی سەردەمی خۆی بووە. ئەم سەرۆکە لە پاش نەمانی قاجارییەکان لەسەر حوکمی ئێران و هاتنی بنەماڵەی پەهلەوییەکان بۆ سەر کورسیی دەسەڵات، وەک سەرکردە و سوارچاکێکی بێهاوتا لە ناوچەی زەهاودا بەدەرکەوات و، لەلایەن میرەکانی کەڵهوڕەوە کرا بە فەرمانداری ئەو شوێنە. ڕەزا خان هەوڵێکی زۆری خستە گەڕ بۆ پتەوکردن و بەهێزکردنی دەسەڵات و توانای تیرەکەی و فراوانکردنی سنووری ناوچەکەیان. ئەوەبوو ناوچەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاوی چەند جارێک خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و، بە هیچ شێوەیەک گوێی بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئێرانیی نەدەدا و زۆریش پەست و بێزار بوو لە سیاسەتی ئەو دەسەڵاتدارانە دەرهەق بە عەشیرەت و قەومەکەی. هەروەها ڕەزا خانی بێ بڕوا و متمانە بە ئێرانییەکان، دەستی کرد بە ئامادەکردن و ڕێکخستنی هێزێکی چەکداری تۆکمە لە عەشیرەتەکەی بە شێوەیەک کە کاربەدەستانی ئێرانیی نیگەران کرد و خستە گومانەوە، نەخاسمە لە پاش ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی لەمەڕ ڕەفتار و جموجۆڵی ڕەزا خانەوە، پێیان گەیشت. لە کۆتاییدا هێزەکانی ئێرانی لە شەڕێک لە شەڕەکاندا توانییان بە دیلی بیگرن. ئەوجا ڕەوانەی بەندیخانەی (قێر قجر) لە تاراندا کرا و ماوەی یازدەساڵی لەوێ بە زیندانی بەسەربرد. ڕەزا خان تاکە سەرۆک بوو لە نێوان سەرۆک عەشیرەتە بەندکراوەکاندا کە تەحەدای دەسەڵاتدارانی بەندیخانەکەی دەکرد و لەگەڵ پاسەوان و بەرپرسانی ئەوێدا بە شەڕ دەهات و بەرەنگاریی دەکردن. پاش ئازادکردنی ئەم زاتە، زۆر لە داوود بەگی جاف نزیک بووەوە و خۆشی ویست، بە بەردەوامی سەردانی دەکرد و زۆر لە ماڵەکەیدا (لە کرماشان) دەمایەوە و بیرەوەری و بەسەرهاتی سەیر و عەنتیکەی لەمەڕ تێکۆشان و خەباتی خۆی لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێرانی و عەشیرەتە نەیارەکانیدا، دەگێڕایەوە. لەدوا سەفەریدا بۆ تاران، ڕەزا خان کتوپڕ بزر کرا و دیار نەما و چارەنووسی بۆ کەس ئاشکرا نەکرا.

فارس من فرسان فخذ نيريژى

رضا خان نيريژى

تیرەی تایشەیی

ناوی ئەم تیرەیە لەلایەن مێژوونووس و نووسەری ئێرانیی بەناوبانگ ئەسغەر شمیم بە (تایشە ئای) و لە لایەن مێژوونووس مەسعوود کەیهانیش بە (تشە)، هاتووە. نووسەر ناێر محسنی- ش بە (قشە ئای) ناوی بردوون و دەڵێت ئەمانە لە ئەسڵدا کوردی وڵاتی ئەڕمینیا (ئەڕمەنستان) بوون و بەر لەوێ بێنە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئایینی مەسیحییان پەرستووە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ سەرچاوە و دەستنووسێکی متمانە پێکراو لەبەردەستدا نییە ئاماژە بەم زانیارییە بکات. وەلێ ئەوەی ڕاست و دروست بێت ئەوەیە کە ئەم تیرە لە مێژەوە بەشێکی ڕەسەن و گرنگی عێلی جافن و وەک تێکڕا تیرە و بەشە دێرین و ڕەسەنەکانی ئەم عێلە ساڵانە بەژیانی کۆچەرییەوە سەرقاڵ بوون. هەروەها ئەم تیرە لە تیرە گەورە و ناودارەکانی سنووری جوانڕۆ بوون پێش ئەوەی بگوێزنەوە بۆ ناوچەی عێلی گۆران.بەگوێرەی سەرژمێرییەک ساڵی 1914 ئەنجامدراوە بە 1500 خێزان مەزەندە کراون و خاوەنی چەندین بەتالیۆنی سوارە و پیادەی جەنگاوەر بوون. هەمیسان ئەم تیرەیە، بە سەرۆک و کەسەکانیانەوە، نموونەی کەسانێکی خواپەرست و پابەند بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بوون و، هەمیشە بەوە ناسراوبوون کە لە بەرژەوەندیی ئایینەکەیاندا خزمەتی بەرچاویان کردووە، زۆریش لە سەرۆکەکانیان خاوەنی زانست و ڕۆشنبیریی ئایینی بەرز بوون. یەکێک لە سەرۆکە ناودارەکانی تیرەی تایشەیی فەقێ مستەفا تایشەیی بووە کە هەر بە منداڵی لەسەر دەستی مەلا و مامۆستای ئایینیی هەڵکەوتوودا، زانستە ئایینییەکانی خوێندووە. پاش ئەو زاتە کوڕەکانی سەرۆکایەتیی تیرەکەیان گرتۆتە دەست، لە پێشیانەوە نەزەر سوڵتان کە فەرماندەیی جەنگاوەرانی تیرەکەی و تیرەی قادر میروەیسیشی پێکەوە دەکرد. پاش ئەو مەعاریف سوڵتان سەرۆکایەتیی خێڵی گرتە دەست، ئەویش سەرۆکێکی لێهاتوو و دلێر بوو و بۆ ماوەیەک حوکمی جافی گۆرانی بەگشت تیرە و هۆزەکانییەوە کرد بەر لەوەی دەسەڵاتی لاواز بێت.

پاش مردنی ناوبراو عەلی سوڵتانی کوڕی کاروباری تیرەی گرتە دەست تا لەناوچوونی بنەماڵەی قاجاریی فەرمانڕەوا لە ئێراندا (ساڵی 1344ک). ساڵی 1914 سنوور بۆ موڵک و لەوەڕگاکانی تیرەی تایشەیی بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی سنووریی ئێران- عێراق، دیاری کرا، ئەوانیش ڕووبەڕووی حکوومەتی ئێرانی بوونەوە و، هەندێک لە سەرکردەکانیان لە بەندیخانەی (قێر قجر)دا بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بەند کران. پاش عەلی سوڵتان سەرۆکایەتی تایشەیی کەوتە دەست کدخدا موستەفا لەوێشەوە بۆ کدخدا مەحموود نەزەریی کوڕی کە یەکێک بوو لە ناودارانی عێلی جاف و پیاوانی مەردی ڕێگای خەبات و فیداکاری و نیشتمانپەرستی، هەروەها یەکێک بوو لەو سەرۆکە دیارانەی کە بەرژەوەندیی گشتیی دەخستە پێش هەر بەرژەوەندییەکی تایبەتی. ئەم سەرۆکە هەڵکەوتووە لە دایکبووی ناوچەی زەهاوە و، لە گوندەکەی خۆیدا خوێندن و نووسین بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی لەسەر دەستی مامۆستایانی تایبەتیدا فێر بووە و، بە وێنەی کەسێکی ڕەوشتبەرز، دەروون پاک و بە ویژدان بەدەرکەوتووە، هەر لە تافی لاوێتییەوە بە چاکی و دروستی موڵک و زەوی و زاراە فراوانەکانی بەڕێوە بردووە و، خاوەنی دەسەڵاتێکی زۆر بووە. پاش ئەوەی خومەینی حوکمی ئێرانی گرتە دەست (ساڵی 1979) و گەلی کوردمان بە هۆیەوە ستەم و کوێرەوەرییەکی زۆری چەشت، ڕۆڵەکانی تایشەیی لە سەروویانەوە کدخدا مەحموود نەزەری شانبەشانی ڕۆڵەکانی تری جاف و عەشیرەتە هاوپەیمانەکانیان (وەک قەڵخانی و عەشیرەتەکانی تری گۆران) بە فەرماندەیی خەباتگێڕ سەردار بەگی جاف لە دژی ستەم و ناڕەوایی ڕژێمی نوێی ئێران ڕاپەڕین و زیانێکی زۆریان بەو ڕژێمە گەیاند

لەو سەردەمەدا کدخدا مەحموود نەزەری بە ڕووداوێکی هاتووچۆ لەسەر سنووردا لە کاتی بەسەرکردنەوەی بنکەی یەکێک لە هێزەکانی، شەهید دەبێت. لە پاش ئەو ئیحسان نەزەریی کوڕی لە ئاهەنگێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی کاک سەردار بەگی جاف سەرۆکی عێلی جاف و ناوداران و پیاو ماقووڵانی تایشەیی، لە شوێنی باوکیدا بە سەرۆکی تیرە هەڵبژێردرا. هەروەها کدخدا حاتەم نەزەریش یەکێک بوو لە کەسایەتییە هەڵکەوتووەکانی مێژووی ئەم تیرەیە، ناوبراو لە سەردەمی خۆیدا کەسایەتییەکی ناوداری زەهاو و سەرقڵا بووە و وەک خاوەن موڵکێکی ناودار و ڕاستگۆ و خێرۆمەند لە ناوچەکەدا شۆرەتی دەرکردووە. هەمیسان ئەم زاتە یەکێک بووە لەوانەی بەشداریی ڕاپەڕینی گەلەکەمانی لە دژی ڕژێمی خومەینیدا کردووە و، وەکو ئەندامێکی کارای ئەو ڕاپەڕینە بە دەرکەوتووە. ناوەندی سەرەکیی ئەم تیرەیە دەکەوێتە ناوچەی پاڵان (لە زەهاو) و لەسەر سنووری ئێران- عێراق بڵاو دەبنەوە، سنووریان لە باکوورەوە: ناوچەی جێگیران، لە ڕۆژهەڵاتەوە ناوچەی نیشتەجێبوونی تیرەی نیرێژی (لە جافی گۆران) لە باشوورەوە ناوچەکانی جگەرلو و چوارکڵاو، لە ڕۆژئاواوە هەوارگەکانی عێلی گۆرانە، ئەم تیرەیە بە زاراوەی جافی کوردی دەدوێن. شوێنی حەوانەوەی وەرزی زستانی ئەم تیرەیە بریتی بوو لە ناوچەکانی کانی شیرینە و دەوروبەری بیرە نەوتەکانی قۆرەتوو، لە بەهارانیشدا لە ناوچەکانی هلال (شوێنی دانیشتنی کدخدا مستەفا)، تەپە ڕەش، دارایخان و زەهاودا نیشتەجێ دەبوون، لە وەرزی هاوینیشدا دەچوونە ناوچەکانی پاڵان، حەسەن گایر، کانی سەفەر، پلەزەرد، قەدپاڵی داڵەهۆ. ڕۆڵەکانی تایشەیی حاڵی حازر ئیش و کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دەکەن.

تیرەی بێویانی

ڕەوکردنی بێویانییەکان لە زێدی ڕەسەنیانەوە (جوانڕۆ) بۆ ناوچەکانی عێلی گۆران بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ و گرنگ لە ژیانی ئەم تیرە کۆچەرەدا دەژمێردرێت، کاتێک وەک زۆر لە ڕۆڵەکانی تری جاف گواستیانەوە بۆ ئەو شوێنانە و تێیدا جێگیر بوون و وەک جاری جارانیان دەستیان بە ژیانی کۆچەریی خۆیان کردەوە و هەموویان لەوێندەر بە جافی گۆران ناسران. هۆی ڕەوکردنی ئەم جافانەش لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆی سەرەکی، یەکەمیان: پەیدابوونی شەڕوشۆڕ و ململانێ لەنێوان جافی جوانڕۆ و میرەکانی ئەردەڵان ئەوانەی کە گوشار و پاڵەپەستۆیان دەخستە سەر جافی جوانڕۆ بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان کز بکەن و دەست بەسەر زەوی و کێڵگە دەوڵەمەندەکانیاندا بگرن. هۆکاری دووهەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرۆک عەشیرەتەکانی گۆران بانگ ێشتی تیرەکانی جافی جوانڕۆیان کرد و هانیان دان تا بۆ لای ئەوان بگوێزنەوە، بەو شێوەش سوود لە هێز و توانایان وەرگرن بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا. ئەوەبوو جەنگاوەرانی بێویانی چەند بەتالێونێکی چەکداریان، لە سوارە و پیادە، لە نێو هێزی شەڕکەری گۆراندا پێکهێنا، وەلێ ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەی کە پاشان لە نێو سەرانی تیرەکەدا ڕوویان دا، بوونە هۆی لاواز بوونی هێز و سامی بێویانییەکان. باسی ئەم تیرەیە لە نووسین و دەفتەرەکانی بنەماڵەی قاجاریدا بەناونیشانی (بی بیان و بیامە) وا هاتووە کە لە ناوچە ساردەکانی کوێستاندا لە نزیک تیرەی نیرێژدا و، لە گەرمیاندا لە ناوچەکانی زەهاو و بیبیان (معارف سلگان) و بیبیان (شاوەلی) دا، نیشتەجێن. ئێستاش بەبۆنەی پەرت و بڵاوبوونی بێویانییەکان ئێمە ناتوانین شوێنێکی دیاریکراویان بۆ دەستنیشان بکەین. بەڵام دەکرێ هەوارگەکانی جارانیان بۆ وەرزی زستان بە ناوچەکانی (بان لوادە و لەوەڕگەکانی قزڵ زەهاو) دەستنیشان بکەین. هەروەها زەوی و زاری کشتوکاڵیشییان لە ناوچەکانی شیمان (دوشیمان) و بونان-ی قەڵای زنجیر- دا شک دەبرد کە عەشیرەتەکانی قەڵخانی (تیرەی اسپری و بهرامی)ی داڵەهۆ دەستیان بەسەریاندا گرت. شایەنی گوتنە کەوا موڵک و کێڵگەکانی ئەم تیرەیە بە هۆی دیاریکردنی سنووری ئێران- عێراقەوە، بوون بە دوو بەشەوە. بەشێکیان کەوتە دیوی عێراق و ئەو بەشەکەی تریشی سەرۆک عەشیرەتەکانی قەڵخانی لە ئێراندا زەوتیان کرد. دەبێت ئەوەش بڵێین کەوا ڕۆڵەکانی ئەم تیرەیە لە جیاتی ئەوەی پشتی فەیزوڵڵا سوڵتان ڕەزا سوڵتانی سەرۆکیان بگرن، چوونە پاڵی میرزا بەگ (بهادر السلگنە)ی سەرۆکی قەڵخانی کە پێوەندییەکی بە هێزی لەگەڵ تیرەی وەڵەبەگیدا (لە جافی جوانڕۆ) هەبوو (عەزیز بەگی سەرۆکی وەڵەبەگی کچی ئەو میرزا بەگەی هێنا و کردی بە هاوسەری خۆی). ژمارەی بێویانییەکان بە 500 خێزان مەزەندە دەکرێت، لە ڕەچەڵەکەدا بۆ تیرەی دووڕۆیی دەگەڕێنەوە، و لە سەردەمی کۆندا بەشێکی سەرەکی بوون لە یەکگرتووی (هاوبەندی) جافی جوانڕۆ.

تیرەی قادر میروەیسی

ئەم تیرەیە بە هەزار خێزان مەزەندە دەکرێت و، لە ڕەچەڵکەدا بۆ تیرەی یەزدانبەخشیی سەر بە جافی جوانڕۆ دەگەڕێنەوە. هەندێک لە ڕۆڵەکانی ئەم تیرەیە لەگەڵ میرانی عێلی جافدا، کاتی ڕەوەکەیان لە جوانڕۆوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بابانییەکان، بەرەو دیوی ڕۆژئاوای ڕووباری سیروان (لە نزیک دەربەندیخانی ئێستا) ڕەویان کرد و لەوێ جێگیر بوون. زێدی قادر میروەیسییەکان لەگەڵ ئەم شوێنانەدا هاوسنوورە، لە باکوورەوە ناوچەکانی پشتە و شاوازی و لەعلی خان (شوێنی تیرەی شەرەفبەیانییەکان لە جافی جوانڕۆ)، لە باشوورەوە لەوەڕگاکانی تیرەی تایشەیی و سنووری باکووری شارۆچکەی قۆرەتو (کە دەکەوێتە باکووری خانەقی)، لە ڕۆژهەڵاتەوە جێگیران، لە ڕۆژئاواوە دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری سیروان. هەوارگەکانی زستانەی ئەم تیرەیە بەهۆی دیاریکردنی هێڵی سنووری نێوان ئێران و عێراقەوە، بوون بە دووبەشەوە لە هەردوو دیوی سنووردا. کاتێک قادر میروەیسییەکان بۆ ناوچەی عێلی گۆران باریان کرد، سەرۆکی ئەم عێلە (عێلی گۆران) بەهۆی زۆری ژمارەیان (مەبەست قادر میروەیسییەکانە) و زۆری مەڕوماڵاتیان، ناوچەگەلێکی زۆری پێدان، ناوچەکانی سەدر، بریشا، خوڕەمیر (بۆ شوێنی زستانیان)، ناوچەکانی میر بەگی، بلاو، کانی شارکە، قڵای ئاوارە، گویژە، ملەچیا، بزەڕیشە حسێن کەریم خان- بۆ شوێنی هاوینیان. پاشان هەوارگەکانی زستانەی قادر میروەیسییەکان بڵاوتر بوونەوە و ئەم شوێنە بەرینانەیان لەخۆ گرت، سەرقڵا، چوارکڵاو، هاجی لەر، گۆڕگنوش (فەرەج یوسف یار ئەحمەدی)، خوڕ خوڕ، قەرەچەم. ئەم تیرەیە بەسەر ئەم هۆزانەدا دابەش دەبێت: پەپلی، چوخەیی، یوسف یار ئەحمەدی، کەریم عالیخانی، قادری، ساتورە. قادر میروەیسییەکان خاوەنی چەندین بەتالیۆنی سوارە و پیادەی چەکدار بوون و، بەشدارییان لە ڕاپەڕینی عێلەکەیاندا، جافی جوانڕۆ، لە دژی میرەکانی ئەردەڵاندا کرد و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سەرخستنی ئەو ڕاپەڕینەدا نواند. لە سەرۆکە دیارەکانی ئەم تیرەیە: مستەفا خان سوڵتان و بەگلەر سوڵتان (کوڕانی قادر میروەیس)، کاکە خان سوڵتان لە کوڕەزاکانی مەحموود عەلی وەیس، هەروەها سەرۆکی بەتەمەنیان کدخدا حسن پور (ناسراو بە حەسەن عەلی) لە کوڕەزاکانی قادر میروەیس. ئەم تیرەیە، بە سەرۆک و کەسەکانیانەوە، شانبەشانی براکانیان لە جافی گۆران و جافی جوانڕۆ، بەشدارییەکی شایستەیان لە ڕاپەڕینە دلێرانەکەی میری ئازا سەردار بەگی جاف لە دژی ڕژێمی خومەیەنیی ستەمکاردا، کرد و ڕۆڵی بەرچاویان نواند و زەرەر و زیانێکی سەختیان بەهێزەکانی ئەو ڕژێمە گەیاند. لە نێو سەرکردە دلێرەکانیانیدا ئاماژە بە ناوی کەریم مستەفا (ناسراو بە کەریم چوتە) و محەمەد مستەفا دەکەین.

تیرەی ئەلیاسی

تیرەی ئەلیاسی وەک هەندێک لە تیرەکانی دیکەی جاف، بۆ ناوچەکانی عێلی گۆران و چیای داڵەهۆ، ڕەویان کرد و لەوێ لە دۆڵی عەلی عاسی و قەدپاڵی داڵەهۆ و ناوچەی بان زەردە دا جێگیر بوون. ئەم تیرە بریتییە لە 250 خێزان و، هەوارگەکانی هاوینەیان ئەم شوێنانەیان دەگرتەوە: بان زەردە، قڵای ئاوارە،گویژە، ملەچیا، هەوارگەی زستانەشیان: سەرقڵا، زەهاو، خوڕخوڕ. لە سەرۆکە هەرە لێهاتووەکانی ئەم تیرەیە: کدخدا بەهرام ئەلیاسی، کدخدا مەحموود ئەلیاسی.

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
[email protected] [email protected]