بەرزە وڵاخی جاف
بەرزە وڵاخی جاف

بەرزە وڵاخی جاف (ئەسپ و مایین و هێستر) بە پاشماوەی ئەو بەرزە وڵاخە جەستە بچووکە کێوێیانە دەژمێردرێن کە بە ڕەگەز دەچنەوە سەر نەژادی (جۆری) نیسائین ئەوانەی لە ناوچەکانی شاخی زاگرۆس و پارێزگای کرماشانی ئێستادا (لە ڕۆژئاوای ئێران) دەژیان . واش پێدەچێت ئەو جۆرە بەرزە وڵاخانە لەو شوێنانەدا لە چاخی بەستەڵەکدا ژیابن و ئەوجا بەرەو ناوچە گەرمەکانی باشوور ڕەویان کردبێت. پاشان لەگەڵ گۆڕان و هەڵبەزودابەزی باری کەش و هەوادا، هەندێک لەو بەرزە وڵاخانە بۆ ناوچەکانی باکوور گەڕانەوە، ئەوانی تریشیان لە شوێنەکانی خۆیاندا لە باشووردا مانەوە و، بە تێپەڕبوونی کات ڕەگەزگەلێکی تازە و جیاجیایان لێ پەیدا بوو و لە ناوچە گەرمەسێرەکانی باشووردا بڵاوبوونەوە و ناسران. گرنگترین و دیارترین ڕەگەزیشیان، ڕەگەزی(( کاسبیان )) بوو کە بەرزە وڵاخەکانی جافی خۆمانی لێ پەیدا بوون و، پەیتا پەیتا شێوە و خاسیەتی خۆیانیان وەرگرت و پێیەوە ناسران . جائەگەر بە وردی دیقەت لەو خاسیەت و تایبەتمەندییانەی ئێستای بەرزە وڵاخەکانی جاف بدەین دەبینین ئەم وڵاخانە خاوەنی ملی درێژ و خڕومڕن و یاڵێکی (توکێکی) درێژی قەشەنگ لەسەرەوە بۆ خوار بەلای ملیداندا شۆڕ دەبێتەوە، تووکی کلکیشیان ئاورێشم ئاسا بەشێوەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش درێژ دێتە خوارێ . پشتی ئەم بەرزە وڵاخانە تاڕادەیەک کورت و چاڵە، ورگیان هێلکەییە و سینگیان پانە، ئێسکەپەیکەریان رێکوپێکە، بونیادییان بەهێزە، کلکە درێژەکانیان لە کاتی غاردانیاندا تا ئاستی سەریان ئاڵائاسا بەرز دەبێتەوە، چاویان بەرین و بادەمی ئاسایە، چوارپەلیان باریک و قەڵەم شێوەن و بە وێنەی شەپۆل لە کاتی ڕێکردنی وڵاخەکەدا، رێکو جوان بەرەو پێش تەکان دەدەن. هەمیسان بەرزە وڵاخی جاف ڕادەی بەرگەگرتن و توانای هەڵگرتنی باری قورسی زۆرە. بەگشتی ئەم جۆرە بەرزە وڵاخانە، لە جۆری (ڕەگەزی) بەرزە وڵاخی ئەوروپی کورتترن و، لە جۆری عەرەبییش گەورەترن. دەتوانین بڵێین جوانی و قەشەنگیی ئەسپی عەرەبی و، توانا و بەرگەگرتنی جۆری (کاسبیان)یان تێدایە. ڕەنگەکانیان بەڕوویی و خۆڵەمێشی و کەهرەمانییە، لە هەندێک شوێنیشدا ڕەنگیان مەیلەو ڕەشە یان شێوەی ڕەنگی ئاسکانە. بەرزە وڵاخی جاف زیرەکە و توانای ئەوەی هەیە لە فەرمانی خاوەنەکەی (یاخود سوارەکەی سەرپەشتی) تێبگات، لە هەمانکاتیشدا خاوەنی خۆی خۆش دەوێت و بە قەوڵی دەکات . کاتی خۆی ئەم ڕەگەزە بووبە مۆدیلی وێنە مینیاتۆرییەکان کە بەسەرچاوەی ڕەسەنی هونەری (وێنەکێشانی) ئێرانی دادەنرێن. ئەوەبوو هونەرمەندە وێنەکێشەکانی ئَیرانی وێنەی ئەو بەرزە وڵاخانەیان لەبەر قەشەنگی و جوانییان دەکێشا. دیسان جێی ئاماژەیە کەوا شا کۆنەکانی ئێران، ئەم جۆرە بەرزە وڵاخانەیان بۆ مەبەستی سواری و ڕاو و شکار و ڕاکیشانی کەژاوە شاهنشاهییەکان، بەکار دەهێنا.

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
[email protected] [email protected]