خەڵکە ناودارەکان   -   بە ناوبانگترین سەرۆکەکانی عێلی جاف
زاهیر بەگی جاف

زاهیر بەگی یار ئەحمەد بەگی سەیفوڵڵا بەگ (لەدایکبووی ساڵی 1114ک) باپیرە گەورەی جافەکانی کوردستانی عێراقە (جافی مورادی) و یەکێکیشە لە سەرۆکە مێژووییە گەورەکانی ئەم عێلە. ئەم میرە کە بە ئازایی و ئیرادەی بە هێز و بوێری لە بڕیاردانی کاتی تەنگانەدا ناوبانگی دەرکردبوو، لەگەڵ چوارسەد ماڵێکدا لە عێل و قەومانی ، لە سەردەمی نادر شای ئەفشاردا وەک پێدەچێت(1155ک)لە زێدی رەسەنییانەوە (جوانڕۆ) بەرەو دیوی رۆژئاوای رووباری سیروان لە دزیایش و بانی خێڵان نزیک بەدەربەندیخان (لە سنووری بابەنییەکان) رەویان کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون (لەبەر ئەو هۆیانەی پێشتر باسمان کردن) . ئیدی توانییان هێمنی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بسەپێنن و ئەو دز و جەردانە بنبڕکەن کە پێشتر باری ناوچەکەیان ئاڵۆز کردبوو. ئەوجا پەیتا پەیتا خزمانێکی زۆریان لە جوانڕۆوە دەهاتن و پێوەندییان پێوە دەکرن، بەو جۆرەش ژمارە و هێزیان لە هەوارگە نوێکەیاندا پتر زیادی کرد و لەلایەن بابانییەکانەوە (کە پایتەختیان سلێمانی بوو) رێز و حورمەتێکی زۆریان لێگیرا و موڵک و لەوەرگای فراوانیان پێ بەخشرا و سنووریان گەیشتە دەشتی شارەزوور . لەو دەمەدا خان ئەحمەد خانی ئەردەڵانی بە سوپایەکی دوو هەزار کەسییەوە شاڵاویان هێنا بۆ سەر ناوچەکە و دەستیان بە ڕاوڕووت و جەردەیی و وێرانکاری کرد، هەرکە گەیشتنە نزیکی شوێنی دەربەندیخانی ئێستا، زاهیر بەگ و جەنگاوەرەکانی. بە گژیاندا چوون و شەڕێکی خوێناوی لە نێوانیاندا بەرپا بوو . سەرئەنجام سوپاکەی خان ئەحمەد خان بە هۆی ژمارەو و چەک و تفاق و مەشقی باشیانەوە، بەسەر هێزی جافدا سەرکەوتن و، زاهیر بەگیان بە دیل گرت و بە دارێکدا هەڵیانواسی و نامەردانە کوشتیان (ئەم دارە بە دارەکەی زاهیر بەگ ناسرا)، ئەویش بە هۆی ئەو زەرەر و زیانە سەختانەمە بوو کە لە شەڕەکەدا لێیان کەوت. بە کوشتنی ئەو سەرۆکە هەڵکەوتووە، جاف سەرکردەیەکی مەزنی لە دەست دا و ریزەکانی تێکچوو و لاواز بوون. بۆیە تاهیر بەگی برای زاهیر بەگ لەگەڵ هەندێک لە خزمانیدا ڕوویان کردە شام و لەوێ جێگیر بوون، عەبدولقادر بەگی کوڕی زاهیر بەگیش کە جێگەی باوکی گرتەوە ڕووبەڕووی بارو دۆخێکی سەخت و ناهەموار بووەوە،

وەلێ بە سەبر و تامڵ و خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینییەوە توانیی سەر لە نوێ عێلەکەی یەکبخاتەوە و، لە دۆخێکی هەستیاردا سام و دەسەڵاتیان بۆ بگێڕێتەوە. ئەمەش وایکرد ڕێزو پایەیان لای بابانییەکان زیاتر بکات و زەوی موڵک و لەوەڕگای پتر لە باکوور و باشووردا (شارەزوور و گەرمیان) وەدەست بهێنن. دوای عەبدولقادر بەگ سەرۆکایەتیی جاف کەوتە دەست سلێمان بەگی برای، ئەویش لە لای خۆیەوە هێز و یەکڕیزیی جافی پاراست و سوپایەکی تۆکمە و ڕێکوپێکی لێ ئامادەکردن. هەروەها بایەخێکی زۆری بە چاککردن و پێشخستنی ڕیگاوبانی هاتووچۆ دا و، چەند پرد و خانێکی بۆ خزمەتکردنی کاروان و کاروانچی و رێبواران دروست کرد و زۆر بە دڵسۆزانە خزمەتی ناوچەو و عێلەکەی کرد تا لە ساڵی 1220ک کۆچی دوایی کرد.

عبد القادربگ

پاش وەفاتی سلێمان بەگ سەرۆکایەتی جاف و بەڕێوەبردنی کاروباری شارەزوور و هەڵەبجە لەسەر وەسێتی خۆی ، کەوتنە دەستی کەیخسرەو بەگی کوڕی کە بە دانایی و لێزانی و ئازایی و ڕەوشتبەرزی و خواپەرستی و شارەزایی لە ڕاپەڕاندنی کاروباردا، توانیی ڕێز و دەسەڵاتی خۆی و عێلەکەی لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت و، ببێتە مایەی بایەخ و ڕێزی بابانییەکان و شای ئێران فەتح عەلی خانی قاجاری .

سليمان بگ الجاف

هەروەها کەیخسرەو بەگ هەڵوێستێکی دانایانە و توندئامێزی نواند لە بەرامبەر هەوڵی بابانییەکاندا بە مەبەستی دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی جافدا، ئەمەش بووبە هۆی ساردبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان هەردوولا. ساڵی 1820 نیشتەجێی بەریتانی (المقیم البریتانی) لە بەغدا و، گەڕید و توێژەر مستەر ڕیچ و هاوەڵەکانی، لە میانەی گەشتەکەیاندا بۆ کوردستان، سەردانی هەوارگەی کەیخسرەو بەگ و عێلەکەیان لە نزیک دەریاچەی زرێباری قەشەنگ لە دەشتی مەریواندا کرد و، بەو پەڕی ڕێز و دلۆڤانییەوە لەلایەن ئەو زاتە و کوڕەکانی و دارودەستەکەیەوە پێشوازییان لێکرا . ئەمەش کاردانەوەیەکی مەزنی لە ناخی میوانەکاندا بەجێهێشت، نەخاسمە خودی ڕیچ کە سەرسامی خۆی دەربڕی لەمەڕ دانایی و کەسایەتیی بڵندی کەیخسرەو بەگ و دابی ژیانی کۆچەریی خۆی و عێلەکەی و سیما و شەوکەتی ڕۆڵەکانی ئەو عێلەی . هەمیسان ڕیچ مەتح و ستایشی کرد لە پایە بڵندیی ئافرەتەکانیان و ئازایەتی و سەربەستیی دیاریان، ڕوونیشی کردەوە کە سوارەکانی جاف باشترین جەنگاوەری کوردن و، هێزی جەنگیی عێلەکەشی بە دوو هەزار سوار و چوار هەزار پیادەی (تفەنگچی) مەزەندە کرد . کەیخسرەوبگ ساڵی 1244ک وەفاتی کرد و لە ناوچەی سەیید سادقدا بە خاک سپێردرا، بە مردنیشی جاف میرێکی هەڵکەوتووی لە دەست دا. وەلێ محەمەد بەگی کوڕە بچووکی (پاشان بە محەمەد پاشا دەناسرێت) کە دوای مردنی براکانی لەلایەن سەرۆک تیرەکانی جافەوە، لە تافی لاوێتییدا بە سەرۆکی عێل هەڵبژیردرا، توانیی بە تەواوی جڵەوی کاروبار بگرێتە دەست و بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر دەرکەوێت و بناسرێت .

كه ي خسروبگ الجاف

محەمەد پاشای جاف

وەک ئاماژەمان بۆ کرد، میری ناودار کەیخسرەو بەگی جاف ساڵی 1244ک کۆچی دوایی کرد و، بە مردنی ئەو زاتە عێلی جاف سەرۆکێکی مەزنی لە دەست دا. لە پاش ئەو کوڕەکانی، سلێمان و قادر و محەمەد یەک بەدووی یەکدا سەرۆکایەتیی عێلیان گرتە دەست و شوێنی باوکیان پڕ کردەوە. سەبارەت بە مەبەستی باسەکەمان محەمەد (لەدایکبووی ساڵی 1814ز) لە تافی گەنجێتییدا وەکو وتمان، بوو بە سەرۆکی جاف (لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا وەکو محەمەد ئەمین زەکی بەگ، بە دروستی دەزانێت)، ئیدی بە زیرەکی و بوێریی خۆی، هەرچەندە تەمەنی بچووک بوو، توانیی کاروباری عێلەکەی بە لێهاتوویی بەڕێوە ببات و یەکیان بخات و بیانکاتە هێزێکی گەورە و بە سام . ئەمەش بە ئاشکرا سەرنج و بایەخی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و فارسیی ڕاکێشا کە زۆر بە وریاییەوە چاودێریی ئەو سەرۆکە لاوەیان دەکرد. ئەوەبوو هەریەک لەو دوو دەوڵەتە کەوتنە هەوڵی ئەوەی محەمەد بەگ و عێلەکەی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و، بەپێی بەرژەوەندیی تایبەتیان وبارودۆخی ململانێی سەر سنووری هاوبەشیان، سوود لە خۆی و عێلەکەی وەرگرن . وەلێ ، سەرۆک عێلی گەنج و فرە ئاوات، هەرگیز نەیدەویست مل بۆ رۆم و عەجەم نەوی بکات، لە لایەکی تریشەوە هەڵوێستێکی توندی نواند بەرامبەر بە هەوڵی بابانییەکان بۆ دەستخستنە نێو کاروباری عێلی جافەوە ، تا کار گەیشتە ئەو ڕادەیە پێوەندیی نێوان هەردوولا تێکچێت و بە یەکجارەکی بپچڕێت، بۆیە سەرۆکی جاف و عێلەکەی بەرەو سنووری میرنشینی ئەردەڵان (کوردستانی ڕۆژهەڵات) ڕەویان کردو ماوەیەک لەوێ مانەوە و ئەوجا گەڕانەوە و ،لە قزەڕەبات (سەعدیە) لە سایەی عوسمانییەکاندا نیشتەجێ بوون و ژیانیان بردەسەر، تا ئەو کاتەی ئەحمەد پاشای بابانی، دوا میری سەربەخۆی بابانییەکان ، لە سۆنگەی هەستکردنی بە سەنگ و قورسیی جاف و پێویستیی بە دۆستایەتی و نزیکبوونەوەیان، لەگەڵیان پێکهات و ئاشتی کردنەوە . بەوجۆرە جاف بۆ شارەزوور سەر لە نوێ گەڕانەوە. لە ساڵی 1815دا عوسمانییەکان نازناوی (پاشا)یان بە محەمەد بەگ بەخشی و لەو مێژووە بەدواوە دەسەڵات و شۆرەتی لە ناوەوە و دەرەوەی عێلەکەیدا پتر پەرەیان سەند و، لەسەر دابی دێرینی باب و باپیرانی ساڵانە لە نێوان دەشتی گەرمیان (کوردستانی باشوور) و دەوروبەری سنە (لە کوردستانی ڕۆژهەڵات)دا بە یاوەریی عێلەکەی کۆچی نێوان گەرمیان و کوێستانیان دەکرد. لە ساڵی 1228ی کۆچیدا محەمەد پاشا فەرمانی دا بە دروست کردنی قەڵای شێروانە لە کەلار و پاش تەواو بوونی کردی بە هێمای توانا و دەسەڵاتی خۆی و عێلە کۆچەرە گەورەکەی .

بە تێپەڕ بوونی کات گومان و دوو دڵیی عوسمانییەکان لە محەمەد پاشا ودەسەڵات و ڕەفتار و ئاواتەکانی و سام و توانای عێلەکەی، بەردەوام پەرەیان دەسەند. بۆیە بڕیاریان دا سنوورێک بۆ ژیانی کۆچەریی جاف و ئەو شێوە سەربەخۆییەی لە نێوان عێراق و ئێراندا لە مێژەوە هەیان بوو، دابنێن . جا بۆ وەدیهێنانی ئەو مەبەستە داوایان لە محەمەد پاشا کرد زەوی و زار لە شارەزوور بکڕێت و تاپۆی کات، بۆ ئەوەی عێلی جاف لەو شوێنەدا بە یەکجارەکی نیشتەجێ بێت و واز لە ژیانی کۆچەریی نێوان سنووری عێراق و ئێران بهێنێت . وەلێ محەمەد پاشای زیرەک بە تێگەیشتن و وردبینی خۆی دەیزانی کە مەبەست لەو داوایە نەهێشتنی ئازادی و دەسەڵاتی عێلەکەیەتی، بۆیە پێشنیاری عوسمانییەکانی لەو بارەیەوە بە توندی ڕەت کردەوە. جا لە ئاکامی ئەو هەڵوێستەیدا، بە خۆی و زۆربەی عێلەکەیەوە ناچار بوون بەرەو نێو سنووری ئێران بگوێزنەوە، لەوێندەر لەلایەن قاجارییەکانەوە، پێشوازییەکی گەرم و گوڕیان لێکرا و بە ژیانی کۆچەریی خۆیانەوە لە نێوان زەهاو و جوانڕۆدا سەرقاڵ بوون.

قلعة شيروانه

ساڵی 1291ک محەمەد پاشا نازناوی بەرزی (خان)ی لەلایەن شاە ناسرەدین قاجارییەوە پێبەخشرا، هەروەها محەمەد پاشا دووجار لە تاران سەردانی شای ناوبراوی کرد و لەلایەن ئەوەوە ڕێز و حورمەتی زۆری لێگیرا. هەمیسان حەمە پاشا بە فەرمانڕەوای زەهاو و، عوسمان بەگی کوڕشیی (عوسمان پاشا- دوایی) بە فەرمانڕەوای جوانڕۆ دامەزران . لەو سەروبەندەدا محەمەد پاشا ناوچەی جوانڕۆی بە هاوینەهەوار و، ناوچەی زەهاویشی بە هەوارگەی زستانەی خۆی هەڵبژارد (مشاهیر الکورد و کوردستان ب 2 لا 258) . پاش ئەوەی محەمەد پاشا و عێلەکەی سێ ساڵیان لە ئێراندا بردەسەر، سەرئەنجام پێوەندییان لەگەڵ قاجارییەکاندا ڕووی لە خراپی کرد. قاجارییەکان بڕیاریان دا سنوورێک بۆ چالاکی و زیادەڕەویو جموجووڵەکانی جاف لەسەر سنووریان (سنووری قاجارییەکان) لەگەڵ عوسمانییەکاندا دابنێن و کۆنترۆڵیان بکەن، ئەویش لە ڕێگەی دانانی نەخشەی نیشتەجێکردنیان و کۆتاییهێنان بە هاتووچۆ و کۆچی ساڵانەی بەردەوامیان . بەڵام ئەو نەخشەیەی قاجارییەکان، لە لایەن جاف و سەرۆکەکەیانەوە ڕەتکرایەوە و، بەو هۆیەوە تووشی گەلێ پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ قاجارییەکاندا هاتن، تا ئەو کاتەی سەر لە نوێ بۆ وڵات گەڕانەوە، پاش ئەوەی لەو بارەوە پێوەندییان بە عوسمانییەکانەوە کرد و، ئەوانیش بە مەبەست و مەرامی تایبەتیی خۆیانە لە سەرەتاوە بە گەرمی پێشوازییان لێکردن و چوونە دەمیانەوە. هەروەها محەمەد پاشاشیان ( بە مەبەستی دڵنەواییکردنی )بە بریکاری موتەسەریفی سلێمانی دانا، واش پیدەچێت ئەو ئەرکەی محەمەد پاشا لە ساڵی 1294ک، لە سەردەمی موتەسەریفیی ئیبراهیم پاشا و سابیت پاشای عوسمانیدا بووبێ، پاشانیش بە قایمقامی هەڵەبجە دایانمەزراند (مێژووی سلێمانی لا/ 183). زۆری نەخایاند، عوسمانییەکان هەمان پیشە و ڕێبازی جارانی خۆیانیان لە بەرامبەر جاف و سەرۆکەکەیاندا گرتەوەبەر. ئەوەبوو عەزیزی شاوەیسی سەرۆکی خێڵی کەرەموەیسی سەر بە جافیان هاندا تاوەکو تەحەدای محەمەد پاشا بکات و سەرپێچی دەسەڵات و فەرمانە کارگێڕییەکانی (وەک قایمقامی هەڵەبجە) بکات . بۆیە محەمەد پاشاش لەلایەن خۆیەوە، عەزیزی گرت و بەندی کرد و، ناوبراو و،لە بەندیخانەدا بەهۆی نەخۆشییەوە مرد. ئیدی، نەیارانی محەمەد پاشا، نەخاسمە هەندێک لە کاربەدەستانی عوسمانی، ڕووداوەکەیان قۆستەوە ودەستیان کردە پڕوپاگەندە گوایە عەزیز لە بەندیخانەدا لەسەر فەرمانی محەمەد پاشا دەرمانخوارد کراوە!. ئەوەبوو خزم و کەس و کاری عەزیز بڕیاریان دا تۆڵەی ناوبراو لە محەمەد پاشا بکەنەوە و، کەوتنە گەڕان بەدوای هەلێکدا بۆ ئەنجامدانی مەرامە چەوتەکەیان . سەرئەنجام، ساڵی 1299ک کاتێک محەمەد پاشا لە (ئیبراهیم سەمین)ی نزیک کفریدا لە گەشتێکی ڕاووشکاردا دەبێت و جگە لە پاسەوانانێکی کەم کەسی بە دەوردا نابێت، خزمانی عەزیز فرسەتی لێ دێنن و نامەردانە دەیکوژن و، ئەوجا لەگەڵ تێکڕا کەرەموەیسەکاندا ڕوو لە عەشیرەتی هەمەوەند و سەرۆکەکەیان جوامێر ئاغا لە سنووری چەمچەماڵدا دەکەن، ئەویش بەنابەدڵی پەنایان دەدات. و ناچار دەبێت ڕووبەڕووی عەشیرەتی جاف بێتەوە کە بۆ سەندنەوەی تۆڵەی خوێنی بە ناهەق ڕێژاوی سەرۆکیان کەوتنە خۆ. لەو دەمەدا کاربەدەستانی عوسمانی لەلایەن خۆیانەوە هەڵوێستێکی پڕ لە دوو ڕوویی و فێڵ و فڕ پەیڕەو دەکەن. ئەوان لە سەرەتادا هەوڵێکی زۆریان دا بۆ خۆشکردنی ئاگری ئەو تەنگژەیەی کە بوو بەهۆی لەناوچوونی محەمەد پاشا لەلایەن کەسانێکی کەرەموەیسەوە، دواییش هەر خۆیان بە مەبەستی پاراستنی ناو و ڕاستگۆییان ئیدانەی کەرەموەیسەکانیان کرد، لە سۆنگەی ئەوەی محەمەد پاشا یەکێک بوو لە پاشا و کاربەدەستە ناودارەکانیان . لە لایەکی تریشەوە ڕووداوەکەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی زەبرێکی سەخت و کوشندە لە جوامێر و عەشیرەتەکەی بوەشێنن چونکە ڕقێکی زۆریان لەناوبراو و عەشیرەتەکەی، بەهۆی دەسەڵات و توانا و هەڵوێستیانەوە، هەڵگرتبوو. هەر لە پاش کوژرانی محەمەد پاشا، کوڕە گەورەکەی مەحموود بەگ (مەحموودپاشا- دوایی) سەرۆکایەتی عێل دەگرێتە دەست و تۆڵەی خوێنی حەمە پاشایان کردەوە، پاش ئەوەی لە ئاکامی چەند شەڕێکی خوێناوی و سەختدا هەمەوەند و کەرەموەیسەکان بۆ ئەو بەری سیروان ڕاو دەنێنن،

ئەوجا بەرەو سنووری ئێران هەڵیان دەبڕن و زۆربەی هەرە زۆری کەرەموەیسەکان قەڵاچۆ دەکەن، ئەوانەشیان ڕزگاریان دەبێت پەنا دەبەنە کرماشان و کرند. جوامێر و یاوەرانیشی ڕوو دەکەنە زەهاو و لەلایەن قاجارییەکانەوە پێشوازیی گەرم دەکرێن و یارمەتیی باش دەدرێن، وەلێ پاشان قاجارییەکان لێیان هەڵدەگەڕێنەوە.

فرمان ، بموجبه عُين محمد پاشا الجاف حاكماً لإمارة زهاب و جميع المناطق الحدوديةالإيرانية العثمانية( شهر شوال المكرم سنة 1291 )

فرمان ، بموجبه أهدا ناصرالد ين شاه قاجار مقاطعة زهاب الى محمد پاشا الجاف

معركة قبيلة الجاف مع هموند فى منطقة جمجمال قرب مدينة كركوك

قلعة شيروانه – المقر الشتوى لـ محمد پاشا الجاف

مەحموود پاشای جاف

وەک زانیمان، مەحموود پاشای کوڕە گەورەی حەمە پاشای جاف لە پاش کوژرانی باوکی سەرۆکایەتیی جافی گرتە دەست و بە یاوەریی عێلەکەی تۆڵەی خوێنی باوکی کردەوە، ئەوجا توانیی پلە و پایە و ڕۆڵی عێلەکەی پتەوتر و چەسپاوتر بکات، خۆیشی وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و خێڵەکیی باڵادەست و لێهاتوو بەدەرکەوێت و بناسرێت . ئەم زاتە ساڵی 1846 هاتۆتە دونیاوە و هەر لە منداڵییەوە لە سایەی خانەوادە ڕەسەنەکەیدا لەلای مامۆستا مەلا موئمین تا ڕادەیەکی باش خوێندوویەتی و، زمانی فارسی و هەندێک لە زمانی عەرەبی فێر بووە. پاشانیش بەهۆی تێکەڵبوون و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ کاربەدەستە عوسمانییەکاندا، زمانی تورکیی زانیووە، ئەمە جگە لەوەی کە زۆر شەیدای شیعری کوردی و فارسی بووە و، بۆ خۆیشی سەلیقەیەکی شیعریی باشی هەبووە و بەو دوو زمانە گەلێک شیعری هۆنیووەتەوە. مەحموود پاشا ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری لە ڕەوتی عێلی جاف و فراوانکردنی موڵک و سنووری ئەو عێلەدا، هەر لە سەردەمی باوکییەوە، بینیوە. ئەوەبوو لە ساڵی 1209ی کۆچییەوە کە باوکی و زۆربەی عێلی جاف لە ئێران دەبن، مەحموود پاشا بە سوودوەرگرتن لە یاسای تاپۆی نوێ و، بە پشتبەستن بە پارە و سامانی کەسیی خۆی و ئەو پارە و پوڵانەی باوکی لە ئێرانەوە بۆی دەنارد، توانیی زەوی و زارێکی زۆر بکڕێت و بەناوی خۆیەوە تۆماریان بکات . ناوچەی قزەڕەبات (سەعدیە)یش بەشێکی سەرەکی بوو لەو موڵکانە کە مەحموود پاشا توانیی بەمەزاد بیانکڕێت، پاش ئەوەی زۆربەی ئەسپ و ماین و مەڕ و ماڵاتەکانی و خشڵ و زێڕی خێزانەکەی فرۆشت و، بڕی دە هەزار و پێنج سەدەی لیرەی زێڕی، کە پارەیەکی یەکجار زۆر بوو، پێکەوە ناو و بەو زەوییانەی (قزە ڕەباتی)دا. بەو شێوە سنوور و موڵکی جاف لە نزیک حەمرینەوە، لە باشوورەوە، تا ناوچە سنوورییەکانی پێنجوێن لە باکووردا گرتەخۆ.کاتێکیش محەمەد پاشای باوکی کوژرا (وەکو وتمان)، مەحموودی کوڕی بە ئەوپەڕی توانایەوە پەرەی بە ڕێبازی ڕەسەنی (باوکی)دا و، بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە خەسڵەت و ڕەفتار و خواستە بەرزەکانی پاراست . عوسمانییەکانیش کە پلە و پایەی فەرمی و خێڵەکیی محەمەد پاشای باوکیان پێدا و نازناوی (پاشا)یان پێبەخشی، زۆرمەبەستیان بوو مەحموود پاشا دۆست و دڵسۆزیان بێت و، بە گوێرەی خواست و بەرژەوەندیی ئەوان لە ناوچەکەدا ڕەفتار بکات . پاشانیش بە هەمانشێوە شاە موزەفەرەدینی قاجاری لە ئێران نازناوی بڵندی (خان) و شمشێرێکی ڕازاوەی گرانبەهای پێبەخشی (22ی شەعبان 1320ک).

جا بە گوتەی باسیل نیکیتین: کەوا مەحموود پاشای جاف توانای ئەوەی هەبووە لە چەند کاتژمێرێکدا چوار هەزار چەکداری عێلەکەی خڕکات (باسیل نیکیتین، الاکراد لا/ 167- 169) و بەپێی ئاماژەی میرزا مەحموود خان ئیحتیشام سەڵتەنە لە بیرەوەرییەکانیدا (تاریخ مردوخ ب2 لا/ 230) ، مەحموود پاشا پێنج هەزار خێزانی چەکداری لە ژێر دەستدا بووە و نە ملکەچی دەسەڵاتی عوسمانی و نە ملکەچی دەسەڵاتی قاجاری بووە. هەروەها بە گوتەی پیرەمێردی شاعیر، مەحموود پاشا بە ڕادەیەک پایەبڵند بووە کە والیی کرماشان دار و سووتەمەنیی بۆ ناردۆتە قەڵای شێروانە و هەوارگەی کانی چەقەڵ (ڕۆژنامەی ژیان، ژ: 499 ساڵی 1936): بەپێ ئەم گوتانەبە یڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم پیاوە مەزنە چ خاوەنی دەسەڵات و توانا و ناوبانگێک بووە. بۆیە هەرگیز سەیر نەبووە کە هەریەک لە دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی قاجاری هەوڵی ئەوە بدەن، خۆی و عێلەکەی بۆلای خۆیان ڕابکێشن و بیانکەنە دۆستی خۆیان . وەلێ، مەحموود پاشای بێزار و پەست لە سیاسەتی تورک و فارس بەرامبەر بە میللەت و عێلەکەی، هەرگیز بڕوا و متمانەی بەو دوو هێزە نەبوو، بەڵکو دەستی کرد بە ئامادەکردن و ڕێکخستنی هێزێکی چەکداری زەبەللاح لە عێلەکەی کە ژمارەیان پازدە هەزار خێزانی کۆچەبەر بوو، ئەمەش بووبە مایەی گومان و نیگەرانیی عوسمانییەکان، نەخاسمە پاش زیادبوونی ژمارەی ئەو ڕاپۆرتە دوژمنکارییانە کە لە لایەن ناحەزانی مەحموود پاشاوە بۆ دەسەڵاتدارانی عوسمانلی بەرز کرانەوە. هەر لەو بارەیەوە محەمەد ئەمین زەکی بەگی مێژوونووسی بەناوبانگ ئاماژەی کردووە کە مەحموود پاشا لەو دواییانەدا بە هەست و خواستی نەتەوەیی تۆمەتبار کرا، ئەوەش کارێکی وایکرد دەوڵەتی عوسمانی لێی بکەوێتە گومانەوە (مشاهیر الکورد و کوردستان، ب 2 لا/ 181 بەغدا 1947)، لە راستیشداڕووداوەکانی دوایی ڕاستی و دروستیی ئەو گومانەی دەرخست . هەروەها عێلی جاف بە سەرۆکایەتیی مەحموود پاشا لە دژی دروستبوونی سوارەی حەمیدییە وەستان (بەناوی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە) و بارودۆخێکی ئاڵۆز و نائارامیان لەسەر سنووری هاوبەشی عوسمانی و ئێرانیدا خولقاند و هەردوو دەوڵەتیان بۆ ماوەیەک نیگەران و ناڕەحەت کرد. ئەمە وێڕای ئەوەی کە نێوانی مەحموود پاشا و دەوڵەتی عوسمانی بە بەردەوامی باش نەبووە (کێشەی کورد م. لازارێف، وەرگێڕانی د. کاوس قەفتان لا/ 118 ساڵی 1989). بۆیە عوسمانییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە بە مەبەستی دانانی سنوورێک بۆ خواست و هەوڵەکانی مەحموود پاشا ((لە دژی ئەوان)) و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە مەترسیی ئەو، بڕیاریان دا لەوە زیاتر نەهێڵن جموجووڵ بکات و، لەو سنوورەدا ڕایبگرن . بەڵام ئوستانە وای بەپەسەند زانی یەکەمجار نێردراوێک (نامیق پاشا) بنێرێتە لای بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە هەڵوێستی بگات و لەو ڕاپۆرتانە بکۆڵێتەوە کە لە دژی ئەو بەرز کرابوونەوە. کاتێک نامیق پاشا دەگاتە هەڵەبجە و دەبێتە میوانی ماڵی مەحموود پاشا بە ساردییەکی ئاشکراوە پێشوازی و میوانداریی لێدەکات. پاشان نێوانی هەردوولا زیاتر ئاڵۆز دەبێت، کاتێک خاوەن ماڵ پەستی و بێزاریی خۆی بە میوانەکەی ڕادەگەیەنێت لەوەی کە سوڵتان عەبدولحەمید زەوی و زارێکی زۆری لە شارەزووردا کڕیوە و بەناوی خۆیەوە تۆماری کردوون. هەروەها لەسەری دەڕوات و نایشارێتەوە کە کارێکی ئاوەها نەشیاوە بۆ سوڵتان وێڕای ئەوەی گەورەترین زیان بە بەرژەوەندیی جاف دەگەیەنێت. هەر کە نامیق پاشا بە عاجزی ماڵی مەحموود پاشا بەجێدەهێڵت، لە ماڵی وەسمان پاشای برای مەحموود پاشادا میوانداری و خەڵاتێکی زۆر باش دەکرێت. پاش ئەوەی نامیق پاشا بۆ ئەستەمبووڵ دەگەڕێتەوە ڕاپۆڕتێکی یەکجار توند لە دژی مەحموود پاشا دەنووسێت و تێیدا ئاماژە دەکات کە ئەو خۆی بردۆتە ڕیزی سوڵتان و زۆر بەداخ و کینەیە لێی و، لەگەڵ نەیارەکانیدا دەستی تێکەڵ کردووە و دژ بە ئارامی و ئاسایشی وڵات کاردەکات و، دیوەخانەکەی بووەتە پێگەی گشت ئەو کوردانەی کە نەیاری ئەون (واتە نەیاری سوڵتانن). بۆیە عەبدولحەمید ساڵی 1889ز بڕیار دەدات مەحموود پاشا لە شوێنی دەسەڵاتی خۆی، بێ ورووژاندنی هیچ گومانێک، دوور بخاتەوە. ئەوەبوو بە پێی فەرمانێکی سوڵتانی دەیکاتە موتەسەڕیفی (ئۆرفە) لە تورکیادا و نازناوی بڵندی (بێگلەر بێگی)یشی پێدەبەخشێت (ئەم نازناوە بەرزە لە عێراقدا تەنها بەچوار کەسایەتی بەخشراوە کە ئەمانەن: ئەحمەد پاشای بابان، عەبدولقادر پاشا دیاربکری، مەحموود پاشای جاف، ئیبراهیم پاشای بەرپرسی زەوی و زارە سەنییەکان). لە هەمانکاتدا وەسمان پاشای برای بە قایمقامی هەڵەبجە و سەرۆکی جاف دادەنرێت. مەحموود پاشا، وەک چاوەڕوان دەکرا، بەو ئەرکە نوێیە و دوورکەوتنە لە زێد و شوێنی عێلەکەی قایل نابێت. بۆیە سەردانی سوڵتان دەکات تا لەو ئەرکە بیبەخشێت. وەلێ سوڵتان یەکسەر فەرمان دەدات دەستبەسەر بکرێت و بۆ هەتا هەتایە لە ئەستەمبووڵ بمێنێتەوە. بەو شێوە مەحموود پاشا زیاتر ڕقی لە سوڵتان هەڵدەستێت و پێوەندی دەکات بەو گرووپ و رێکخراوە نهێنییانەوە کە لە دژی سوڵتان کاریان دەکرد و کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرە تورک و کوردەکانیان نموونەی شێخ عەبدوڵڵای نەهری، لە خۆگرتبوو. ساڵی 1892ز مەحموود پاشا بە یاوەریی مەلا حەمدی سنەیی کە پیاوی خۆی بوو، لە ئەستەمبووڵ هەڵدێن و بە سواری پاپۆڕێک بە دەریای ڕەشدا دەپەڕنەوە ، ئەوجا دەگەنە قەوقاز و باکۆ .

فرمان ، إهداء سيف مرصع من درجة أولى للياقة والشجاعة والدراية وهذا أرفع وسام إيرانى يهدى الى قائد من قبل مظفر الدين شاه قاجار

مەحموود پاشا بەر لەوەی ئەستەمبووڵ بەجێبهێڵێت نامەیەکی پڕ لە جوێن و تانە و تەشەر بە پۆست بۆ سوڵتان دەنێرێت، کاتێک نامەکە دەگاتە سوڵتان و دەیخوێنێتەوە زۆر تووڕە دەبێت و فەرمان دەدات گشت پلە و پایە و نازناوەکانی لێ بسنرێتەوە و، بە زیندوویی یان مردوویی بۆی ڕەوانە بکرێت! مەحموود پاشا لە باکۆدا وێنەیەک بە جلوبەرگی سواڵکەرێکەوە دەگرێت و بە فارسی چەند وشەیەک لە تەنیشتی وێنەکەدا بۆ کەس و کاری لە کوردستاندا دەنووسێت. هەروەها نامەیەک ئاڕاستەی قەیسەری ڕووسیا دەکات لەمەڕ هاوکاریکردنی بۆ نانەوەی ئاگری شۆڕشێک لە دژی تورک لە کوردستاندا، وەلێ بە بۆنەی بشێویی وەزعی ناوخۆی ڕووسیاوە هەوڵەکەی سەری نەگرت، بۆیە بڕیار دەدات زووبەزوو بەرەو وڵات بگەڕێتەوە. ئەوەبوو بە خۆی و یاوەرەکەییەوە بە دەریای خەزەردا بەرەو ئێران دەپەڕنەوە و، پاشان لە ئێرانەوە دەگەنە سنووری پێنجوێن و بە گەرمی پێشوازیی لێدەکرێت. زۆری نەخایاند مەحموود پاشا بە ئامادەبوونی کەسایەتی و پیاو ماقووڵانێکی زۆر، کۆنگرەیەکی فراوان لە نزیک ڕووباری زەڵم (لە شارەزوور) بە مەبەستی دژایەتیکردنی دەسەڵاتی عوسمانی و، وەدیهێنانی جۆرە موختارییەک بۆ کوردستان، سازدەکات. ئەمەش کارێکی وا دەکات سوڵتان ترسی لێ بنشێت و خودی خۆی بایەخ بەو پێشهاتە بدات و فەرمان دەرکات بە هەرچی شێوەیەک بووە و ڕێ لە مەحموود پاشا و چالاکییەکانی لە دژی دەسەڵاتی عوسمانیدا بگیرێت. بەو شێوە سوپایەکی هەزار سوارە بۆ گرتنی مەحموود پاشا تەرخان دەکرێت، ئەمیش بە خۆی و چەند چەکدارێکەوە پەنا دەبەنە شاخەکانی شەمێران و زمناکۆ و، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە نێوان ئەو شاخانە و شارەزووردا هاتووچۆ دەکەن و، تووشی بارودۆخێکی سەخت و دژوار دەبن، بەڵام بێ ئەوەی دەرفەت بە هێزی دوژمن بدەن غافڵگیریان بکەن. ئەوجا خەڵکانێکی پایەدار لە دۆستانی سوڵتان و مەحموود پاشا بۆی دەکەونە هەوڵ و تەقەللا بۆ ئەوەی سوڵتان لێی ببوورێت، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: سوێندم خواردووە،لە ناوەڕاستی ئەستەمبووڵدا مەحموود لە سێدارە بدەم چونکە هەر خۆم دەزانم چ گوناهێکی گەورەی دەرهەقم کردووە... وەلێ سەرئەنجام سوڵتان لەبەر خاتری خاترداران دڵی نەرم دەبێت و ئامادەیی خۆی بۆ لێخۆشبوون لە موحموود پاشا دەردەبڕێت بەو مەرجەی بچێتە ئەستەمبووڵ و لەبەر دەستیدا ئامادەبێت. ئەویش بەو مەرجە ڕازی دەبێت و دەچێتە بەردەمی سوڵتان کە وەک بەڵێنی دابوو، لە مەحموود پاشا دەبوورێت و فەرمان دەدات نازناو و دەسکەوتەکانی پێ بدەنەوە، بکرێتەوە بە سەرۆکی جاف (بەڵام وەسمان پاشای برای بە قایمقامی هەڵەبجە مایەوە). هەمیسان مەحموود پاشا، دواتر، دژایەتیی تورکە ئیتحادییەکانی کرد، بەڵام ئەو هەڵوێستەی ڕێگەی ئەوەی لێ نەگرت لە جەنگی شوعێبەی ساڵی 1915دا لە دژی ئینگلیز بە ناوی جیهادەوە، یارمەتی بەرچاویان بدات. بە هەمانشێوە لە دژی ڕووسەکان، لە جەنگی (قاتان قۆری)ی ناوچەی سەقزدا، هاوکاریی تورکەکانی کردەوە. پاش ئەوەی ئینگلیزەکان عێراقیان کۆنترۆڵ کرد و، لە میانەی ئەو سیاسەتەی گرتیانەبەر بۆ دڵنەوایی کردنی عەشیرەتەکانی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی و، ڕاکێشانیان بەلای خۆیاندا، مێجەر نۆئێل، حاکمی سیاسی بەریتانی لە سلێمانی دەچێتە سەردانی مەحموود پاشا (لە زەڵم) بۆ ئەوەی پشتگیری لە هێزەکانی ئینگلیز بکات، هەرکە مەحموود پاشا بە هاتنی ناوبراو دەزانێت ناچێتە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی، بەڵکو جلوبەرگە پاشاییەکەی سەردەمی عوسمانیی لەبەر دەکات و لە خێوەتەکەیدا چاوەڕوانی دەکات، کاتێک (نوئێل) بەو شێوە دەیبینێت سەڵاوی سەربازیی لێدەکات و بەپێوە دەوەستێت تا مەحموود پاشا لێی دەخوازێت دابنیشێت، ئەوجا ئەم گفتوگۆیە دەکەوێتە نێوانییانەوە: نوئێل: ئایا مەحموود پاشا هۆی هاتنەکەمان بۆلایان دەزانێت؟ مەحموود پاشا: نازانم، ئەگەر بیشزانم، تکام وایە لە خۆتانەوە بییستم! نوئێل: حکوومەتی ئینگلیز دەیەوێت خزمەتی کوردستان بکات و ئامادەیە پارمەتیی گەلی کورد بدات و، لە زۆرداری و ستەمی عوسمانییەکان ڕزگاریان بکات، جا حکومەتمان لە سەرۆک و کەسایەتییەکانی کورد دەخوازێت هاوکاری و پشتگیریی لەم ئەرکەدا بکەن، ئێوە وەڵامتان چییە؟ مەحموود پاشا: من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵتان نابم لەبەر ئەم هۆیانە:

یەکەم: من بڕوام کزو لاوازە بە مەبەست و خواستی ئێوە دەرهەق بە کورد، جا ئەگەر مەبەستتان خزمەتکردنی کوردە وەک ئیدیعا دەکەن، ئەوە دڵنیابە منیش هاوکاریتان نەکەم، سەدانی وەک من ئامادەن هاوکاریتان بکەن و، هەوڵەکانتان سەردەگرن.

دووهەم: من موسڵمانم و ئایینەکەم ڕێگام نادات هاوکاریی ئێوە لە دژی برای ئایینی خۆم بکەم.

سێهەم: من پیرم و پەککەوتەم و توانای چالاکی و جووڵانەوەم نەماوە. دوابەدوای ئەم چاوپێکەوتنە ئینگلیزەکان گوشاریان خستە سەر مەحموود پاشا و باجێکی زۆریان خستە سەر تیرەکانی عێلەکەی، مەحموود پاشاش لەبەر پیری و نەخۆشیی لە لایەکەوە و کۆنترۆڵ کردنی باری سیاسی و سەربازیی کوردستانی عێراق لەلایەن ئینگلیزەوە لەلایەکی ترەوە، بۆی نەدەکرا دژایەتییان بکات و لە ڕوویاندا بوەستێت. بۆیە لەو سەروبەندەدا بڕیاری دا واز لە سەرۆکایەتیی جاف بهێنێت (ساڵی 1919) کە بە عەلی بەگی کوڕی سپێردرا، بەڵام ناوبراو هەرزوو وازی لەو ئەرکە هێنا و کەریم بەگی جاف بە سەرۆکی جاف دانرا.

محمود پاشا الجاف فى طريقه من إسطنبول الى كردستان عراق متنكراً بزى متسول فى باكو – تشرين الأول – 1892 م

کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف

کەریم بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف ساڵی 1889ز لە گوندی گردەبانی گەرمیان، لە بەهارە هەوارگەی ماڵباتی بەگزادەی جاف چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، سەرەتای ژیانی منداڵیی لە ئامێزی بنەماڵە ناودارەکەی و، لە نێو هۆزە کۆچەرەکەیاندا بەسەر بردووە. ئەوجا بۆ خوێندن نێردراوەتە سلێمانی و لە ماڵی ئەوڕەحمان ئاغای ئەوڵا ئاغای خاڵۆیدا ژیانی بەسەر بردووە و، لە حوجرەی مەلا سەعید قورئانی پیرۆز و فیقە و زمانی فارسیی خوێندووە. پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ناوجاف و لەلای هەندێک مامۆستای ناسراو پەرەی بە خوێندنەکەی داوە و لە زانستەکانی ئەو سەردەمەدا قووڵ بۆتەوە. کاتێک ساڵی 1908 فەتاح بەگی باوکی لە دەڤەری مەریوان کۆچی دوایی دەکات، کەریم بەگ لێهاتووانە شوێنی پڕ دەکاتەوە و سەرپەرەشتیی ماڵ و موڵکی خانەوادەکە دەکات و بەڕێوەیان دەبات . ساڵی 1915 کەریم بەگ بە یاوەریی حەمە عەلی بەگی مامی و جەنگاوەرانی عێلەکەیان شانبەشانی شێخ مەحموودی حەفید لە جەنگی شوعێبەدا دژ بە ئینگلیز بەشدارییەکی کاریگەر و بەرچاو دەکەن . ساڵی 1919 بە شێوەیەکی فەرمی دەبێتە سەرۆکی جاف و بە ئەوپەڕی لێهاتوویی کاروباری عێلەکەی بەڕێوە دەبات (بڕوانە گۆڤاری گەلاوێژ ژ 10 تەمموزی 1949). هەروەها کەریم بەگ لەسەر دابی دێرینی باب و باپیرانی، ساڵانە لەگەڵ عێلە کۆچەرەکەیدا لە نێوان سنووری عێراق و ئێراندا گەرمیان و کوێستان دەکات،

تا ئەو کاتەی لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا بە خۆی و خانەوادەکەی و ژمارەیەک لە خزمانییەوە لە گوندی کەلاری کۆندا نیشتەجێ دەبن و، ئەو شوێنە دەکەنە مەڵبەندی سەرەکیی ماڵباتی بەگزادەی جاف، ئەمەش وا دەکات کەلار پێشکەوتنێکی هەمە لایەنە لە بوارەکانی شارستانی وئابووری و کۆمەڵایەتی... بەخۆوە ببینێت و ببێتە شارۆچکەیەکی پێشکەوتووی سەردەم . لە ڕاستیدا کەریم بەگ، لە سەردەمی ئیستیعماری بەریتانیدا لە عێراق، هەوڵ و کۆششێکی بەردەوام و بێ وچانی دا لە پێناو سەربەرزی و شەرەفمەندیی عێلەکەی و، بە مەبەستی ئەوەی ئەو عێلە ناودارە ڕۆڵی شایستەی خۆی لە ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەو قۆناغە هەستیارەدا ببینێت.

كريم بگ مع المندوب البريطاني

ئەم ڕاستییەش بە ئاشکرا لە کتێبە ناودارەکەی ئەدمۆندزدا، گەورە بەرپرسی بەریتانی لە عێراقدا (بە ناوی: کورد، تورک، عەرەب) بە دەردەکەوێت. کەریم بەگ وەک چۆن عێل و بنەماڵەکەی خۆی خۆش دەویست و خزمەتی دەکردن، ئاوەهاش لە پێناوی گەل و نیشتمان و نەتەوەکەیدا تێدەکۆشا و ڕەنجی دەدا. ئەوەبوو لە کاتی ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموودی حەفیددا ئەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمەکداری و جوامێریی نواند، نەخاسمە لە کاتی داستانی ئاوباریکدا (ساڵی 1931) کە تێیدا خۆی و داوود بەگی برای و حەمە ئەمین بەگی کوڕی و چەکدارانی جاف ڕۆڵێکی مەردانەیان بینی . بە هەمانشێوە کەریم بەگ و کەس و کاری لە سەرەتای چلەکانەوە چوونە ڕیزی پارتی (هیوا)وە و خزمەتێکی شایستەیان بە ڕەوتی ئەو پارتە لە سنووری کەرکووک و گەرمیاندا کرد. جێی باسە کەوا کەریم بەگ ڕۆڵێکی هەرە کاریگەر و سەرەکیی لە سەرخستنی ئەو کۆنفراسە نواند، کە ساڵی 1944 لە ماڵی داوود بەگی برایدا (لە کەلار) بە مەبەستی بنبڕکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هیوا بەسترا. بە گشتی کەریم بەگ زاتێکی، ئازا، مەرد، زانا، دانا، خواپەرست، میهرەبان، ڕاستگۆ، دادپەروەر، بەخشندە، بە ویقار، ئاشتیخواز، خۆشمەعشەر، قسە خۆش بوو، ڕێزێکی زۆری لە ئەدیب و شاعیر و پیاوانی ئایینی دەگرت . بۆ خۆیشی شاعیر و ڕۆشنبیر و مێژووزانێکی بە توانای سەردەمی خۆی بوو و، جگە لە زمانی کوردی، فارسی و تورکیی بە باشی دەزانی و گەلێک شیعری بەو زمانانە لەبەر بوو و، هەندێکیش شارەزایی لە عەرەبیدا هەبوو . ئەم زاتە بیر و هۆش و زیرەکییەکی یەکجار سەیری شک دەبرد، هەر کاتێک شوان و سەپانێکی جافی دەبینی، لە ناوی خۆی و بابی دەپرسی، ئەوجا ئەو (کەریم بەگ) پێنج پشتی کابرای هەڵدەدا و پێی دەگوت لە چ تیرە و بنەماڵەیەکە! کەریم بەگ تا دواڕۆژی تەمەنی نموونەی کەسایەتییەکی شکۆداری میللەتەکەمان بوو، هەمیشە دەرگای دیوەخانە ناودارەکەی بۆ گشت چینەکانی خەڵک واڵا کرابوو،

کاتێکیش لە هاوینی ساڵی 1949دا (مانگی ڕەمەزان) کۆچی دوایی کرد بە ڕێز و حورمەتێکی زۆرەوە لە گۆڕستانی سەیید خەلیل (نزیک بە کەلار) بە خاک سپێردرا و لەلایەن شاعیرانی ناوداری وەک، پیرەمێرد، عەلی کەمال باپیر، شێخ سەلام، شێخ ئەحمەد شاکەلی... هەڵبەستی لاواندنەوە و مەرسیەی بە پێزی بۆ هۆنرایەوە. کەریم بەگ لە پاش خۆی دەستنووسێکی بە پێزی لەمەڕ مێژووی جافەوە بەجێهێشت، کە لەلایەن د. حەسەنی کوڕییەوە پێشەکییەکی نایابی بۆ نووسراو و بە چاپ گەیەنرا. ئەمەش کۆپڵە شیعرێکی مەلا محێدینی زەڵزەڵەییە لەمەڕ سەخاوەت و بەخشندەیی کەریم بەگی جاف،

ڕووبەڕووی عالیی جەنابی من بەڕێی دووردا ئەڕۆم
باسی ئەنعام و سەخای بکرێ من لە حاتەم دەس ئەشۆم
(مەعنی شەیبان) فەرز ئەکەین کە بێتە بەزمی هیمەتی
مونفەعیل سەر دائەخا کەوشم لە کوێیە با بڕۆم
وەسفی ئابائی تەواو نابێ بە تەحریری قەڵەم
بێ زوبان ماون لەگەڵی فورس و عەرەب و تاجیک و ڕۆم
ڕووبەڕووی میری کەلار (محی) هەڵسە بڕۆ
هیچ کەسَ پێم نایەژێ عەیبە ئیتر بۆچ نەڕۆم

كريم بگ مع قسم من فرسان الجاف

كريم بگ مع إخوانه وأقاربه في كلار عام 1938

داوود بەگی فەتاح بەگی جاف

میری ئازا و بە غیرەت داوود بەگی جاف کوڕە بچووکی فەتاح بەگی محەمەد پاشای جاف، لە گوندی میرەدێی نزیک دەربەندیخان ساڵی 1905 هاتۆتە دونیاوە، ساڵی 1949 لە پاش کۆچی دوایی کەریم بەگی برا گەورەی سەرۆکایەتیی عێلی جافی وەرگرتووە. ئەوەی دیقەت لە ژیاننامە و سیرەتی ئەم میرە بەڕێز و خۆشەویستە بدات، دەبینێت ساڵانی تەمەنی ئەم زاتە پڕن لە چەندین کردارو هەڵوێستی مەردانە و بیرەوەری زیندوو و سەروەریی مەزن. بەڵێ، داوود بەگ کەسایەتییەکی بەڕێز و خۆشەویست و ئازا و دلێر و بەخشندە و لەخوا ترس و خۆشمەعشەر و ڕاستگۆ و هەقبێژ و نەتەوە پەروەر و دڵسۆزی خاک و نیشتمان بوو، هەمیشە لە پێناوی یەکڕیزی و تەبایی نێو چین و توێژەکانی گەلی کورددا هەوڵی دەدا و، نەفرەتی لەو هۆکار و فاکتەرانە دەکرد کە دەبوونە مایەی دابەشبوون و ناتەبایی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، چونکە ئەو بەباشی دەرکی بەوە کردبوو کە دیاردەکانی جیاکاری و یەکنەبوونی کورد گەورەترین ئاستەنگن لەبەردەم پێشکەوتنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە ماف و خواستە ڕەواکانیان. ئێمە ئەگەر بمانەوێت تێکڕا ئەو ڕووداو و بیرەوری و هەڵوێست و دەستپێشخەرییە دیارانە کە ژیاننامەی داوود بەگ دەیانگرێتەخۆ، باس کەین و تیشکیان بخەینە سەر، ئەوە بێگومان پێویستیمان بە باس و دەرفەتێکی فراوانتر لەم باس و دەرفەتەی ئێستامان دەبێت . وەلێ لێرەدا بە پەسەندی دەزانین بە خێرایی هەندێک تیشک بخەینە سەر چەند لایەنێکی سیرەت و ژیانی داوود بەگی جاف، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت کورتە باسێکی تاڕادەیەک گونجاو و شیاو لەمەڕ ئەو کەسایەتییە مەردەوە پێشکەش بە خوێنەرانی ئازیز بکەین . لە سەرەتاشدا ئاماژە بە هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بوێرانەی داوود بەگ (و براکانی) لەسەردەمی ڕاپەڕینەکانی مەلیکی کوردستان شێخ مەحموودی حەفید زادەدا دەکەین، نەخاسمە لە کاتی دوا ڕاپەڕینی ئەو زاتەدا کە لە کۆتایی ساڵی 1930دا بەرپابوو .

هەمیسان هەر لەو سەروبەندەدا داوود بەگ بە یاوەریی کەریم بەگی کاکی و حەمە ئەمین بەگی ئامۆزای (کوڕی کەریم بەگ)و دەیان ڕۆڵەی بە ئەمەکی عێلەکەیان بەشدارییەکی دلێرانە و مێژووییان لە شەڕی ئاوباریک-دا (شانبەشانی شێخی حەفید) کرد . جا وەک پێشتر باسمان کرد لە ڕۆژی 5ی نیسانی 1931دا شەڕێکی سەخت لە نێوان شۆڕشگێڕانی کورد و هێزێکی زەبەللاحی میری بە چەک و تفاقێکی زۆرەوە و، بە پاڵپشتیی فرۆکە جەنگییەکانی بەریتانی، بەرپابوو . جا ئەگەرچی سەنگی هێز چ لە ڕووی ژمارە چ لە ڕووی چەک و تفاقەوە تاڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندیی دوژمندا بوو ، ئەمە وێڕای کتوپڕیی شاڵاوەکەیان، کەچی شۆڕشگێڕان لە پاش ئەوەی شەڕێکی بەرگریی مەردانەیان کرد و زەرەر و زیانێکی گیانی و ماددیی زۆریان بە دوژمن گەیاند و یەکێک لە فرۆکەکانیان بەردایەوە، توانییان لەگەڵ داهاتنی تاریکیی شەودا ئابڵۆقەی دوژمن بشکێنن و دەربازبن، نەک هەر ئەوەندە، بگرە توانیشیان بریندار و شەهیدەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بۆ دەرەوەی شەڕگەکە بگوێزنەوە . بەو شێوە داستانێکی مێژووییان لەو ڕۆژە مەزنەدا بۆ خۆیان و گەلەکەیان تۆمار کرد. لێرەدا جارێکی تر ئاماژە بەو ئازایەتییە نموونەییە دەکەین کە داوود بەگی جاف لە جەنگی ئاوباریکدا نواندی و بوو بە مایەی سەرنجڕاکێشانی شێخ مەحموودی حەفید کە لە مەتحی داوود بەگدا فەرمووبووی، داوود شێرە.. شێر.. بۆ باس ناکەی!؟ هەروەها داوود بەگ وەک زۆر لە بەگزادەکانی کەلار و ناودارانی دیکەی سنووری کەرکووک - گەرمیان ئەندامێکی لێهاتووی پارتی هیوا بووە و، کۆنفرانسێکی چارەنووسسازی ئەم پارتە لە ماڵی ئەواندا لە کەلار (هاوینی 1944) سازدرا و، بە ئامادەبوونی مامۆستا ڕەفیق حیلمی سەرۆکی باڵای هیوا و ژمارەیەک لە ئەندامە ناسراوەکانی سنووری کەرکووک- گەرمیان (لەوانە کەریم بەگ، داوود بەگ و...) کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی هیوا لەو سەردەمەدا چارەسەر کران . هەمیسان داوود بەگ یەکێک بووە لەپەرلەمانتاریە ناسراوو دیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی ((سەردەمی پاشایی)) کەلە نۆ خولیدا (لە کۆی 16 خول) لەسەر لیستی لیوای کەرکووک بە نائیب هەڵبژێردراوە، هیچ نائیبێکی تر لە سنووری کەرکووکدا بە ڕادەی ئەو لەو ئەنجوومەنەدا هەڵنەبژێردراوە و نەماوەتەوە.

داوودبەگ بە درێژایی ئەو ساڵانەی کە نائیب بووە، وەک کەسایەتییەکی کوردی دڵسۆز و بە هەڵوێست داکۆکی لە خواست و ماف و بەرژەوەندیی میللەتەکەی کردووە . ساڵی 1947 داوود بەگ و هەندێک لە نائیبە کوردەکانی هاوەڵی هەوڵێکی زۆریان دا بە مەبەستی ڕزگارکردنی چوار ئەفسەرە کوردەکە لە مردن (عیزەت، خۆشناو، خەیروڵڵا، قودسی ) لەو پێناوەدا شەوێک تا بەیانی دەرگای وەزیری داد - جەمال بابان - یان بەرنەدا، بەڵام، مخابن بەهۆی کەللەڕەقی و ڕق و کینەی عەبدولئیلاە (وێی) و ساڵح جەبری سەرۆک حکوومەتەوە، هەوڵەکەیان ئاکامی نەهێنا و چوار ئەفسەرەکە لە بەرەبەیانی 19/6/1947دا شەهید کران .

لە ساڵی 1957دا، داوود بەگ یەکێک بوو لەو نائیبە کوردانەی کە لە پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی یەکێتیی هاشمی (الاتحاد الهاشمی) لە نێوان عێراق و ئەردەندا، پێشنیارێکیان ئاڕاستەی دەوڵەت کرد و تێیدا جۆرە خودموختارییەکیان بۆ گەلی کورد لە عێراقدا خواست . داوود بەگ لە ژیانی پەرلەمانییدا هەمیشە غەمخۆر و پشت و پەنای هەژارو و نەداران بووە و، ڕێزێکی تایبەتی لە چینی ڕۆشنبیر و ئەدیب و پیاوانی ئایینی گرتووە و ڕاو بۆچوون و پێشنیارەکانی ئەوانی بەهەند وەرگرتووە و، پێی گوتوون: چیتان دەوێت بینووسن، من ئامادەم دەنگتان بگەیەنمە مەجلیس لە بەغدا... نابێت ئەوەش لە یادکەین کە شارۆچکەی کەلار بە هەوڵ و هیمەتی ئەم زاتە کۆمەڵێک دەسکەوت و خزمەتگوزاریی هاوچەرخی بەخۆوە بینی وەک، کردنەوەی خەستەخانەیەک و فەرمانگەیەکی پۆست و گەیاندن .

پاش بەرپابوونی شۆڕشی 14ی گەلاوێژ (( 1958))و تێکچوونی باری سیاسیی عێراق و پەرەسەندنی دەسەڵاتی حیزبی شیوعی لە عێراقدا، داوود بەگ بڕیاری دا لەو قۆناغەدا لە عێراق دووربکەوێتەوە تا ئەوکاتەی دۆخەکە هێوەر دەبێتەوە، ئەوەبوو ساڵی 1959 بە خۆی ماڵ و منداڵەوە ڕوویان لە ئێران کرد و، لە لایەن شای ئێران و کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە پێشوازییەکی شایستەیان لێکرا و، لە سەرەتادا لە شاری کرماشان، نزیک بە زێدی جاف، نیشتەجێ بوون. لەو دەمەی داوود بەگ لە ئێراندا بوو، یەکەم بڵێسەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە کوردستانی عێراقدا، لە شاری دەربەندیخانی نێو سنووری جافەوە ساڵی 1961، کڵپەی سەند. ئەوجا شۆڕش پانتاییەکی بەرینی لە خاکی کوردستان گرتەوە. ئیدی داوود بەگیش لەلایەن خۆیەوە گشت هەوڵێکی خستە گەڕ بۆ ئەوەی ئاگای لە دەنگوباس و پێشهاتەکانی شۆڕش بێت و، بە پێی توانا و بارودۆخ یارمەتیی بدات . هەر لەو سەروبەندەدا بارزانیی نەمر نامەیەک بۆ داوود بەگ دەنووسێ و تێیدا داوای لێدەکات پێوەندی بە شای ئێرانەوە بکات بە مەبەستی یارمەتیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و دەستەبەرکردنی پشتگیریی حکوومەتی ئێران بۆ ئەو بزووتنەوەیە . داوود بەگیش لە دیدەنییەکی لەگەڵ شادا ئەو داواکارییەی دەخاتە بەردەم ولێی دەخوازێت کە پاڵپشتی شۆڕشی کورد بە سەرۆکایەتی بارزانی بکات، بەڵام شا بە بیانووی ئەوەی گوایە بارزانی هەواداری کۆمۆنیستە، ئەو داوایەی لا پەسەند نابێت .

بڵام داوود بەگیش لەلایەن خۆیەوە دڵنیایی شا دەکات کە بارزانی موستەفا خاوەنی بیروباوەڕی نەتەوەیی و ڕاوبۆچوونی سیاسیی تایبەتیی خۆیەتی کە دوورن لە هەر بیروباوەڕێکی کۆمۆنیستانە . بەهەر حاڵ ئەم چاوپێکەوتنەی داوود بەگ و شای ئێران کاردانەوەیەکی ئەکتیڤی باشی لەو بارەیەوە لێکەوتەوە و، قۆناغی داهاتوو هاوکاری و هەماهەنگییەکی بەرچاوی بە خۆوە بینی لە نێوان حکوومەتی ئێران و شۆڕشی کورددا کە دەسەڵات و توانای خۆی بەسەر زۆربەی هەرە زۆری ناوچەکانی کوردستاندا سەپاند . ساڵی 1964 پاش ئەوەی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی سەرکردایەتیی کورد لە بارزانی جیا بوونەوە و بە ناچاری پەنایان بۆ ئێران برد و، لەوێ دەستێان کردە ڕێکخستنەوەی ڕیز و هێزەکانیان ، ئەو سەرکردانە وایان بە شیاو و پێویست زانی کە کەسایەتییەکی دیار و لێوەشاوە بۆ سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەیان بدۆزنەوە تاوەکو بەربەرەکانێی بارزانیی پێ بکەن، ئەوەبوو لە لایەن خۆیانەوە داوود بەگیان بۆئەو ئەرکە دەستنیشان کرد و بە کەسی گونجاویان بۆ ئەو مەبەستە زانی . جا سەرکردە جیابووەکان وەک بەڕێزان، ئیبراهیم ئەحمەد و حیلمی عەلی شەریف و عومەر دەبابە... هتد، بەو مەبەستە چوونە لای داوود بەگ و باسەکەیان لا درکاند و لەو بارەیەوە گفتوگۆیەکی دوور و درێژ و چڕوپڕیان لەگەڵدا کرد، وەلێ داوود بەگ بە پێشنیار و بۆچوونەکانیان قایل نەبوو، بگرە ئاگادار و هۆشداری کردنەوە لە هەستیاری و ترسناکیی ئەو قۆناغە کە خەباتی کوردی پێدا تێدەپەڕی و، هانی دان لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشدا پێکبێنەوە و گشت کۆسپ و تەگەرە و ناکۆکییە هزری و ئایدۆلۆژییەکانی نێوانیان لەو کاتەدا وەلاوە نێن . ئەوجا، بەهۆی نەخۆشی و تێکچوونی باری تەندروستیی داوود بەگ و، بە مەبەستی دابینکردنی چارەسەری و چاودێریی پزیشکیی باشتر بۆی، ماڵیان بار دەکاتە تاران، وەلێ چارەسەریی پزیشکی ئاکامی نابێت و سەرئەنجام لە ساڵی 1966دا داوود بەگی جاف وەفات دەکات و لەسەر وەسێتی خۆی تەرمەکەی بۆ زێدی باو باپیرانی دەهێننەوە و لە ڕێو ڕەسمێکی جەماوەری و فەرمیی مەزندا لە گۆڕستانی خانەوادەکەیان (گۆڕستانی سەیید خەلیل) لە نزیک باپیرەی حەمە پاشا و خزمانی (بەگزادەکانی جاف) بە خاک دەسپێردرێت .

داوود ببك الجاف مع نوري سعيد رئيس الوزراء العراقى واحمدمختار بابان وضياء جعفر و سعيد قزاز وعدد من الوزراء في مجلس النواب

داود بگ الجاف مع الملك فيصل الثانى و الوصى

داود بگ الجاف مع شاه ايران – محافظة كردستان الأيرانية

نوزاد. سرچل.دارا. سردار. سالار. سربست. ثروت. سرياس . شهريار

سرگل – گلاويژ – تابان - خورشيده

مع الملك فيصل الثاني

مع جماعة من النواب البرلمان العراق – 1956

مع جماعة نواب أردنين و عراقين – عمان أردن – 1958

With his son

میری شکۆدار سەردار بەگ (( سەرۆکی مەزنی عێلی جاف ))

میری جوامێر سەردار بەگی جاف یەکێکە لە هەڵکەوتووترین سەرۆکەکانی جاف بە درێژایی مێژووی ڕەسەنی ئەم عێلە، بگرە دیارترین و لێوەشاوەترین و بەناوبانگترین میرەکانی ماڵباتی بەگزادەی جافە لە مێژووی هاوچەرخماندا. سەردار بەگ کە کوڕە گەورەی داوود بەگی جافە و، دایکیشی بەڕێز خاوەری کچی شێخ محەمەدی تاڵەبانییە لە نەوەکانی مورشید و ئەدیب و شاعیری گەورە شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی ، لە بەرواری 26/8/1937دا لە کەلار (کە ئەو دەمە سەر بە قەزای کفری/ لیوای کەرکووک بوو) هاتۆتە دونیاوە و، لە باوەشی خێزانە ڕەسەنەکەیدا و بەسەرپەرشتیی باوکی میری پایە بەرز، داوود بەگ، شێری داستانی ئاوباریک و نائیبی کەرکووک لە نۆ خولدا، پەروەردە کراوە و هەر لە منداڵییەوە لەسەر دابو نەریتی کوردەواری ڕەسەن و خۆشەویستیی گەل و نەتەوە و عێلەکەیدا ڕاهێنراوە و پەروەردە کراوە. سەردار بەگ سەردەمیی منداڵیی لە کەلاردا، لە نێو جەرگەی دەشتی گەرمیان و لە نزیک قەڵا شکۆدارەکەی باپیرە گەورەی محەمەد پاشای جاف کە دەکەوێتە سەر لێواری ڕووباری سیروان، بەسەر برد و هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە بە شنەبای ناسکی چەمی سیروان و بۆنی ڕەسەنی قەڵا دێرینەکەی باپیری و بەکەش و هەوای ئەفسووناویی دەشت و دۆڵ و هەردی گەرمیان و دیمەنی ئاسک و مامزە باریکەلەو قەشەنگەکانی ئەو دەڤەرە و سپێدە و ئێوارە دڵڕفێنەکانی، دڵ و چاو و دەروونی کرانەوە. سەردار بەگ خوێندنی سەرەتایی لە کەلار و ناوەندیی لە کفری و خانەقی تەواو کرد، ئەوجا ڕەوانەی بەغدا کرا بۆ ئەوەی لە قۆناغی ئامادەیی بخوێنێت و عەرەبی فێربێت. پاشان هەر بە مەبەستی تەواو کردنی خوێندن چووە لوبنان و ماوەیەکی لە بەیروت بەسەربرد. سەردار بەگ هەر لە تافی لاوێتییەوە، خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و خۆشەویست و ڕەوشت و خەسڵەتگەلێکی بەرز بوو، ئەوەی لەو سەردەمەدا دەیبینی و دەیناسی یەکسەر پێشبینیی ئەوەی دەکرد کە ئایندەیەکی گەش و پلە و پایەیەکی بەرز لەسەر ئاستی بنەماڵە و عێل و کۆمەڵگەکەی چاوەڕێی دەکات. ئەم زاتەهەرزوو بووبەیاوەری داوودبەگی باوکی لە کۆڕ و دانیشتن و هاتووچۆکانیدا و زۆر لە داب و نەریت و ڕەفتار و خەسڵەتە بەرزەکانی ئەو زاتەی وەرگرت. داوود بەگیش لەلای خۆیەوە بە بایەخەوە سەردار بەگی کوڕە گەورەی ڕادەهێنا بۆ ئەوەی ببێتە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی هەڵکەوتوو و لە پاش خۆی ببێتە سەرۆکی عێلە گەورەکەیان لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا. پاش ئەوەی سەردار بەگ لە بەیروت گەڕایەوە پێوەندیی بە خزمەتی سەربازییەوە کرد و ڕاوانەی سەربازگەی (منێوریە الجبل)ی نزیک شارەبان کرا، لەوێشەوە گواسترایەوە بۆ لیواکەی عەبدولکەریم قاسم (لیوای 19) و لەوێ ژمارەیەک ئەفسەری سوپای عێراقیی ناسی و بووبە دۆستیان و، لە کاتی موڵەتەکانیدا داوەتی دەکردن بۆ کەلار و لە دیوەخانە شکۆدارەکەی داوود بەگدا میواندارییەکی شایستە دەکران و، لەگەڵ سەردار بەگدا کاتێکی خۆشیان لە دەشتی کەلاردا بەڕاوە ئاسکەوە بەسەر دەبرد. پاش ئەوەی لە ئاکامی شۆڕشی 14ی گەلاوێژی ساڵی 1958دا عەبدولکەریم قاسم حوکمی عێراقی گرتە دەست، داوود بەگ و سەردار بەگی کوڕی و تێکڕا بنەماڵەی بەگزادەی جاف لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە رێز و حورمەتیان لێگیرا.

بەڵام زۆری نەخایاند باری بشێوی و گرژی و نائارامی لە سایەی گرووپ و حزبە سیاسییەکانی عێراقدا، وڵاتی گرتەوە و شێواندی. ئەمەش وای کرد داوود بەگ بیر لەوە بکاتەوە وڵات بەجێبهێڵێت تا ئەو کاتەی ڕەوشەکە ئارام و ئاسوودە دەبێتەوە. پاش ئەوەی داوود بەگ تاوتوێی مەسەلەکەی لەگەڵ سەردار بەگدا کرد و ئەویش ڕاکەی بە پەسەند زانی، داوای لێکرد (واتە داوود بەگ داوای لە کاک سەردار کرد) لەو بارەیەوە پێوەندی بە حکوومەتی ئێرانەوە بکات و لەمەڕ گواستنەوەیان بۆ ئەوێ پرسیان پێ بکات، ئەوەبوو خودی شای ئێران بە سنگێکی فراوانەوە ئەو داوایەی پەسەند کرد. ئیدی دەستوبرد نەخشەی پەڕینەووەی سنوور لەلایەن ماڵی داوود بەگەوە دانرا و، وا بە پێویست زانرا لەسەر ڕێگەی پەڕینەوەیان کۆمەڵێک چەکداری جاف دابنرێت بە مەبەستی دابینکردنی دەربازبوونیان. سەردار بەگیش لەلایەن خۆیەوە هەستا بە ئەرکی لێخووڕینی ئۆتۆمبیلە لاندڕۆڤەرەکەیان و گواستنەوەی ئەندامانی خێزانەکەیان بەو ئۆتۆمبیلە. بەڵام وا ڕێکەوت کە هێزەکانی بەناو بەرگری میللی (المقاومە الشعبیە) لە خانەقی بەو هەوڵ و نەخشەیەی ماڵی داوود بەگ بزانن و، لەلایەن خۆیانەوە هەوڵی ئەوە بدەن ڕێیان لێ بگرن و نەخشەکەیان پووچەڵ کەنەوە. سەرئەنجام پێکدادانێکی سەخت لە نێوان ئەوان و چەکدارانی جافدا بەرپابوو و چەند کەسێک لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون، بەڵام سەردار بەگ توانیی بە دلێری و شارەزایی خۆی ئەندامانی خانەوادەکەی بە سەلامەتی بگەیەنێتە ئەو دیوی سنوور. بەو شێوە داوود بەگ و خانەوادەکەی لە شاری کرماشانی نزیک بە زێدی جاف نیشتەجێ بوون و ڕێز و حورمەتێکی شایستەیان لێ گیرا. هاوکات سەردار بەگ لەسەر پێشنیاری دەرباری شاهینشاهی ئێرانی نێردرایە تاران بۆ ئەوەی لە کۆڵیژی ماف و زانستە سیاسییەکان بخوێنێت. ئیدی لە کاتی خوێندنەکەیدا لە تاران گەلێک تاقیکردنەوە و هەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هزریی هەمە جۆری بینی و، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی زانکۆی ناسی کە هەندێکیان کورد بوون و دواتر بە وێنەی کەسایەتیگەلێکی سیاسی و هزری و خەباتگێڕ بەدەرکەوتن و ناسران لەوانە: عەلی قازی- کوڕی پێشەوای شەهید قازی محەمەد سەرۆکی کۆماری مەهابادی غەدر لێکراو، سەلاحەدین موهتەدا کوڕی حاجی ئەوڕەحمان ئاغا ئیڵخانی زادە، سوارە ئیڵخانی زادە شاعیری کوردی ناسراو، حەسەن بابا تاهیری، موستەفا ئیسحاقی، محەمەد ئەمین سیراجی، ئەمیر قازی، حەق ئەندیش، عەبدوڵڵا سەنندەجی.. هتد.

السيد سردار بگ الجاف مع أصدقائه فى جامعة طهران ( 1965 )

ئەم قوتابییانە هەوڵێکی زۆریان دا لە پێناوی ڕۆشنکردنەوەی هزری قوتابییە نوێکان و هاندانیان بۆ خەباتکردن لە پێناو مافە رەواکانی گەلی کورددا. هەر لەو پێناوەدا چەندین شانەی سیاسیی کاریگەریان پێکهێنا و، کاک سەردار بەگیش لەلایەن خۆیەوە بە دڵسۆزییەوە بەشداری و هاوکاریی دەکردن و، بە وردبینییەکی تەواوە وە لە ڕەوشی سیاسیی کوردستانی ئێران دەکۆڵییەوە. لەلایەکی تریشەوە سەردار بەگ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە بیانییەکاندا دەهاتە کوردستانی عێراق، ژیان و چارەنووسی خۆی دەخستە مەترسییەوە، ئەویش لە پێناوی ئەوەی دەنگی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بە گشت جیهان بناسێنێت. ئیدی چالاکانە لەو بوارەدا کاری کرد تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی میللەتەکەمان گەشەیەکی تەواوی کرد و، دەنگوباسی خەبات و سەرکەوتنەکانی بە فەرماندەیی بارزانی مستەفا لە جیهاندا دەنگی دایەوە. وەلێ هێشتا کاتێکی زۆر تێنەپەڕیبوو بەسەر شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر و ڕزگار کردنی پانتایەکی بەرین لە خاکی کوردستان لەلایەن پێشمەرگەکانی پارتی و بارزانییەوە، لەپڕ ناکۆکییەکی توندوتیژ لەنێوان بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردایەتی پارتی ڕوویدا، ئەوەبوو نەیارانی بارزانی نەمر کە بەڕێز ئیبراهیم ئەحمەد سەرکردایەتیی دەکردن و کۆمەڵێکی بەرچاو لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و سەرکردەی ناسراویان تێدابوو، ناچارکران لە سنوور بپڕنەوە و پەنا بۆ ئێران ببەن (ساڵی 1964) لەوانە بەڕێزان: جەلال تاڵەبانی، حیلمی عەلی شەریف، مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی، عەلی عەسکەری، عومەر دەبابە.. هتد. ئەم سەرکردانە خۆیان چوونە تاران و هێزەکەشیان لە خێوەتگایەکی پەناهەندەییدا لە نزیک شاری هەمەدان خڕ بوونەووە. ئا لەو بارو دۆخەدا پێوەندی و دۆستایەتیی سەردار بەگ لەگەڵ ئەو سەرکردانەدا زۆر پەرەیان سەند، نەخاسمە لەگەڵ مام جەلالدا کە پێوەندییەکی خزمایەتی دەیبەستن بە یەکەوە و زۆربەی کات پێکەوە لە کتێبخانەکەی کۆلیجی ماف/ زانکۆی تاران موتاڵایان دەکرد. زۆری نەخایاند گوشار خرایە سەر حکوومەتی ئێرانی لەلایەن بارزانی نەمرەوە بۆ ئەوەی ئەو گرووپە لە ئێران دەرکات، نەک هەر ئەوەندە بگرە ساواکی ئێرانی (هەواڵگریی ئێرانی) کەوتە دانانی نەخشەی ئەوەی بیانگرێت و تەسلیم بە بارزانییان بکات. ئەوەبوو، مام جەلال کە یەکێک بوو لە دیارترین ئەو داواکراوانە، مەسەلەکەی بە سەردار بەگ ڕاگەیاند و داوای هاوکاریی لێ کرد. جا وێڕای ترسناکیی وەزعەکە کاک سەردار زۆر بە گەرمی هاتە دەمییەوە و لەو پێناوەدا ڕووی کردە پایتەختی ئەفغانستان (کابوڵ) بۆ ئەوەی پاسەپۆرتێک بە ناوێکی ترەوە لەلای باڵێوزی عێراق لەو وڵاتەدا کە ئامۆزای خۆی بوو، بۆ مام جەلال دابین بکات. ئەوجا پاش هەوڵ و پێداگرتنێکی زۆر کاک سەردار توانیی باڵێوزی عێراق بۆ ئەو مەبەستە قایل بکات. بەو شێوە مام جەلال دەرفەتی بۆڕەخسا بەو پاسەپۆرتە لە ئێران دەرچێت و لەو مەترسییەی تێیدا بوو دەربازبێت. پاش تەواوکردنی خوێندن لە کۆلیجی ماف بەشی زانستە سیاسییەکان، سەردار بەگ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەو بەشەدا وەرگرت، بە دوایشیدا هەر لەوێ پەرەی بە خوێندنەکەی داو، بڕوانامەی ماجستێری بە پلەی شەرەف لە زانستە سیاسییەکاندا وەدەستهێنا (تەوەری ماستەرنامەکەشی لەسەر مەسەلەی کورد بوو). هاوکات لەگەڵ خوێندنە باڵاکەیدا، کاکە سەردار بایەخێکی ئەوتۆی بە ڕۆشنبیری گشتی خۆی دا و، موتاڵای زۆر لە کتێبە سیاسییە ناودارەکان و شاکارە ئەدەبییە کلاسیکییەکانی کوردی و فارسی و ڕۆژهەڵاتی ... کرد. لەو دەمەدا سەردار بەگ بە ڕاوێژکار لە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئێرانیدا دامەزرا، بەڵام ئەو ئەرکە لەگەڵ خواست و ئاواتەکانی ئەودا نەدەگونجا، بۆیە داوای لە شای ئێران کرد لە دەرباری شاهنشاهیدا دایبمەزرێنێت، ئەوەبوو داواکەی پەسەند کرا. هەرلەو سەروبەندەدا حکوومەتی شاهنشاهی ئێرانی بە بۆنەی تێپەڕبوونی 2500 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕژێمی شاهنشاهی لە ئێراندا بڕیاری دا، ئاهەنگێکی گەورە سازبکات و گشت پادشا و سەرۆکەکانی جیهان بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشت بکات. ئا لەو کاتەدا بە کاکە سەردار سپێردرا ببێتە یاوەری پادشا و سەرۆکە عەرەبە میوانەکان و سەرپەرشتیی میواندارییان بکات، ئەویش زۆر لێهاتووانە بەو ئەرکە هەڵسا کە مایەی بایەخ و ستایشی دەرباری شاهنشاهی بوو.

زۆری نەبرد سەردار بەگ بەرز کرایەوە و، بووبە سەرۆکی فەرمانگەی مەدالیا (ویسام)ی شاهنشاهی. پاشانیش بە سەرۆکی تەشریفاتی شاهنشاهی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا، دواتر (زۆر بە خێرایی) کرایە یاوەری یەکەمی شای ئێران و لەگەڵیدا سەردانی وڵاتە عەرەبییەکانی دەکرد و لە گشت بۆنە و مەراسیمە فەرمییەکانی کۆشکی شاهنشاهیدا ئامادە دەبوو و، هەفتانە کاتێکی زۆری لە نووسینگەی تایبەتیی شادا بەسەر دەبرد. بەو شێوە ئەستێرەی بەختی کاکە سەرداری لاو بەردەوام گەشەی دەکرد و دەبریسکایەوە و، لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێرانیدا سەنگێکی قورسی پەیدا کرد و ڕێزێکی زۆری لێدەگیرا.

هاوکات سەردار بەگ پێوەندییەکی بە تینی بەست لەگەڵ زۆر لە کەسایەتی و ناودارانی کورددا لەسەر ئاستی ئێران و و عێراق و وڵاتانی تردا (لەوانە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و کادیرەکانی شۆڕشی ئەیلوولی پیرۆز). بەو جۆرە ماڵە شکۆدارەکەی سەردار بەگ لە تاران بەسەرپەرشتیی هاوسەرە دڵسۆز و بەڕێزەکەی خاتوو مریەم خانی کچی پێَشەوا قازی محەمەد، دەبێتە کۆڕی میوان و خەڵکانێکی زۆر بەگشت چین و توێژەکانییانەوە، کە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا بە مەبەستی جیاجیا سەردانی ئەو ماڵە ناودارەیان دەکرد. جگە لە کاروباری فەرمیی دەوڵەت، کاکە سەردار بەگ بایەخێکی تایبەت و بەرچاویشی بە چالاکی و ئیشوکاری تایبەتی خۆی لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازیدا دەدا، ئەوەبوو بە بەشداربوونی براکانی پرۆژەگەلێکی پیشەسازی و کشتوکاڵیی سەرکەوتووی بەرهەمهێنەریان دامەزران کە لە نایابترین دامەزراو و پرۆژە پێشکەوتووکانی گشت وڵاتی ئێران بوون، هەروەها ئەم پرۆژانە کار و بژێویی ڕۆژانەیان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەر و کارمەند دابین کرد. پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (ساڵی 1975) سەردار بەگ گشت توانا و هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بۆ هاوکاریکردنی سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و جەماوەری ئەو شۆڕشە غەدرلێکراوە کە بە خۆیان و خێزانەکانیانەوە پەنایان بۆ ئێران برد و لە خێوەتگای ئاوارەییدا لە سەرپێڵی زەهاو و ڕوانسڕ و شوێنەکانی تر نیشتەجێ کران، بەشێکیش لەو ئاوارانە خێزان و کەسوکاری خودی بارزانی نەمر و خێزانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی شۆڕش بوون کە لە ناوچەی (عەزیمیە کرج)ی نزیک بە تاران شوێنیان پێدرا. لەو بارودۆخە ناهەموارەدا، سەردار بەگ و براکانی سەردانی خێوەتگای ئاوارەکانیان لە شوێنە جیا جیاکانی ئێراندا کرد بەپێی توانا هاوکاری وکۆمەکیان کردن. هەروەها داواشیان لە حکوومەتی ئێران کرد کە پێداویستی و هۆکارەکانی ژیانیان بۆ دابین بکات و کۆسپ و تەگەرەکانی ڕۆژانەیان نەهێڵێت. بەڵام مەینەتی و نەهامەتیی ئەو ئاوارە لێقەوماوانە هەر بەردەوام بوون و چارەسەر نەکران، ئەویش بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێنەدانی کاربەدەستانی ئێرانی لەلایەک و زۆریی ژمارەی ئاوارەکان لەلایەکی ترەوە. هەر لەو بارودۆخەدا ڕەحمەتی ئیدریس بارزانی وکاک مەسعوود بارزانی سەردانی سەردار بەگیان لە نووسینگەکەی خۆی لە ناوچەی (ونک)ی باکووری ڕۆژئاوای تاراندا کرد و، وپێیان ڕاگەیاند کە باوکیان، جەنابی مەلا مستەفا،دەیەوێت بیبینێت. ئیدی پێکەوە بەرەو مەنزڵگای بارزانی نەمر (لە عەزیمیەی کەرەج) بە ڕێکەوتن، هەرکە گەیشتنە ئەوێ جەنابی بارزانی داوای لە سەردار بەگ کرد کە نزیکەی 200خێزانی بارزانی لە پاسەوان و کەسە نزیکەکانی خۆی، ئەوانەی لە کاشان ویزد لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ژیانیان بەسەر دەبرد، لە پرۆژە کشتوکاڵییەکانی خۆیدا نیشتەجێ بکات. جا هەرچەندە حکوومەتی ئێرانی ئەو داوایەی لا پەسەند نەبوو، بەڵام سەردار بەگ و سالار بەگی برای- ئەندامی پەرلەمانی (شورای) ئێرانی- سوور بوون لەسەر جێبەجێ کردنی داواکەی بارزانی. سەرەئەنجام دەسەڵاتدارانی ئێرانیش لەسەری قایل بوون!. بەو شێوە ئەو خێزانانە گواستیانەوە بۆ پڕۆژە و دامەزراوەکانی سەردار بەگ و براکانی لە ناوچەی (خوڕەم دەرە)ی باکووری ڕۆژئاوای پایتەخت و، لەوێ هەلی کارکردن و نیشتەجێبوون و ژیانێکی گونجاویان بۆ فەراهەم کرا. هەمیسان کاک سەردار لە کاتی نەخۆشیی بارزانی نەمردا و پێش سەفەر کردنی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی،چەند جارێک سەردانی ئەو زاتەی کرد و، بەڕێزیان لە کاک سەرداری خواست تا پێی دەکرێت بە تەنگ برا ئاوارە ستەمدیدەکانییەوە بێت، هاوکات ڕێنمایشی کرد کە حیسابی برا بۆ کوڕەکانی بکات (کوڕەکانی بارزانی) و لەسەر ئەو بناغەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، سەردار بەگیش بە درێژایی تەمەنی ئەو داوا و وەسێتە ئازیزەی بارزانیی پاراست و بە ئەوپەڕی دلۆڤانی و ڕێز و حورمەتەوە بۆ ئەندامانی ئەو خانەوادە تێکۆشەرە شکۆدارەی دەڕوانی.

لە ڕاستیشدا هەڵوێستی مەردانە و جوامێرانەی سەردار بەگ دەرهەق بەبرا ئاوارەکانی بەگشتی و بارزانییەکان بە تایبەتی، مایەی ڕێز و پێزانینی جەنابی بارزانی بوو لەو دوا ماوەی تەمەنی پیرۆز و شکۆداریدا. ساڵی 1979 بەهۆی ئەو زوڵم و ستەم و ناهەقییە گەورانە کە لەلایەن ڕژێمی ئاخوندەکانەوە لە سەردار بەگ و براو خزمانی کران، ناچار بوون تاران بەجێبهێڵن و بەرەو زێدی عێلەکەیان لە ڕۆژئاوای ئێران ڕووبنێن و، لەوێوە بەرەنگاریی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە بکەن. پاشان بەخۆیان و هەزاران کەس لە ڕۆڵەکانی جاف و عەشیرەتە کوردە هاوپەیمانەکانیانەوە - لە ڕۆژئاوای ئێراندا - هاتنە نێو سنووری عێراق. لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا سەردار بەگ توانیی هێزێکی گەورەی حەوت هەزار کەسی لەو یاوەر و هەوادارانەی (لە جاف و عەشیرەتە هاوپەیمانەکانیان: گۆران و قەڵخانی و کەڵهوڕ....) پڕ چەک و ئامادەباشی بکات. ئیدی چەکدارانی ئەم هێزە بە توانا و بە هەڵمەتە خەباتێکی چەکداریی بێ وچانیان لە دژی ڕژێمی نوێی ئێران (ڕژێمی جمهوریی ئیسلامی) دەستپێکرد، کە بە ئاگر و ئاسن وەڵامی ماف و خواستە ڕەواکانی میللەتی کوردەمان و تێکڕا نەتەوە و چینە چەوساوە و شۆڕشگێڕەکانی تری ئەو وڵاتەی دایەوە. بە کورتی هێزەکانی کاک سەردار چەندین زەبری کاریگەر و کوشندەیان لەو ڕژێمە چەوسێنەرە وەشاند و، بوونە فاکتەرێکی کارا و بەهێز لە دژی دەسەڵات و توانای ئەو ڕژێمە، نەخاسمە لە ڕۆژئاوای ئێراندا، تا کار گەیشتە ئەو ڕادەیە، خەڕازی نوێنەری ئەو کاتەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لەوێ ڕابگەیەنێت کەوا عێراق پشتگیریی سەردار جاف دەکات بۆئەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ڕۆژئاوای ئێراندا بخولقێنێت و پەلاماری سەربازگا و شارە ئێرانییەکان بدات و کاول و وێرانیان بکات (بە گوتەی ئەو). هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گوشار بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی واز لەو ڕەفتارەی بهێنێت و چیدی پاڵپشتیی سەردار جاف و چالاکییە چەکدارییەکانی لە کوردستانی ئێراندا نەکات. وەلێ سەردار بەگ لەسەر خەباتی چەکداریی بوێرانەی خۆی لە نێو سنووری ئێراندا هەر بەردەوام بوو و، بە زەبری جەنگاوەرەکانی هێز و دەسەڵاتی خۆی لە سنووری ناوچەی عیلامەوە تا سنووری ناوچەی مەریوان و شاری سەقز، سەپاند. بگرە دەستی چەکدارو هەوادارانی کاک سەردار زۆر جار دەگەیشتە نێو خودی تارانی پایتەختی ئێران، ئەمەش لە ڕاستیدا نیگەرانییەکی زۆری بۆ ڕژێم دروست کرد و، ببووە خاڵێکی سەرەتا بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە بەدناوە. هاوکات لەگەڵ خەباتی چەکدارییدا، سەردار بەگ چالاکییەکی سیاسیی چڕوپڕیشی لە دژی ڕژێمی ئێراندا، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا. پەیڕەو کرد، نەخاسمە لە ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. لە ڕاستیشدا بەو هۆیانەوە وەکو یەکێک لە چالاکترین سەرکردەکانی هێزی ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانیی ئەو سەردەمە ناسرا و ناوبانگی دەرکرد. هەر لەو سەردەمەدا بەڕێز شاهپوور بەختیار سەرۆک وەزیرانی ئێرانی پێشوو کە یەکێک بوو لە نەیارەکانی ڕژێمی ئاخوندەکان، پێوەندیی بە سەردار بەگەوە کرد بە مەبەستی وەدیهێنانی هاوکاری و هەماهەنگییەکی هاوبەش لەنێوان خۆی و کاک سەردار و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی هێزی ئاسمانیی ئێرانیدا لە بنکەی (شاهرخی) نزیک شاری هەمەدان و چەند نیشتمانپەروەرێکی تر، ئەویش بە هیوای ئەوەی نەخشەیەکی نهێنی بۆ ڕووخاندنی ڕژێم پیادە بکەن. ئەوەبوو ناوبراو داوای لە سەردار بەگ کرد کە چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچە سنووریەکان و ئەو شوێنانەی دەستی دەیگاتێ، چڕتر بکات، تا بەو هۆیە ڕژێمی ئێران چەواشە بێت و هێزەکانی خۆی بەرەو ناوچە سنوورییەکان (بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی کاک سەردار) بنێرێت، بەو شێوەش دەرفەت بۆ هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕەخسێت لە نەخشەکەدا بەشدار بێت و شاڵاو بەرێتە سەر ناوەندەکانی دەسەڵات لە تاران و شارە گرنگەکانی دیکەی ئێران و زەمینە بۆ لەناوبردنی ڕژێم ساز بکرێت! کاک سەرداریش لەلایەن خۆیەوە بەدەم داواکەی شاهپوور بەختیار و ئەفسەرە ئازادیخوازەکانی ئێرانەوە هات و فەرمانی بە هێزەکانی خۆی دا پەلاماری هێزەکانی پاسدار و پەسیجی ئێرانی بدەن. ئەوەبوو شاڵاوەکەیان دە ڕۆژی تەواو درێژەی کێشا و زیانێکی سەختیان بە دوژمن گەیاند و دەستیان گرت بەسەر 15 بنکەی سنووریدا. ئەوجا درێژەیان بە شاڵاوەکەیان دا و بەرەو شارەکانی گەیلانی غەرەب و قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو و کرند و شائابادی غەرب و پاوە پێشڕەوییان کرد، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئێرانیی بە تەواوی تۆقاند. وەلێ، مخابن پێش ئەوەی نەخشەکە سەر بگرێت کاربەدەستانی ڕژێم پێیان زانی و، زۆر لە تێکۆشەرەکان گیران و، پتر لە 250 کەس لە ئەفسەر و فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانیی ئێرانی ئیعدام کران، بەو شێوەش نەخشەکە لەبار برا و پووچەڵکرا. ساڵی 1983 لە گەرمەی شەڕی ئێران و عێراقدا، کاربەدەستانی عێراقی کە لە ناوەوەی عێراقیشەوە بەهۆی چالاکیی پێشمەرگە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانەوە، تووشی گوشار و قەیرانێکی سەخت هاتبوون، داوایان لە سەردار بەگ کرد هێزەکانی خۆی لە سنوورەوە بەرەو قەرەداغ بگێشێتەوە، ئەویش بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. سەردار بەگیش زۆر بە توندی ئەو داوایەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەرکی خۆی و چەکدارەکانی تەنها و تەنها خەباتکردنە لە دژی ڕژێمی ئێرانی لە سۆنگەی ئەوەی هێزێکی ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانین و، هەرگیز قبووڵ ناکەن بەدەر لەو ئەرکە هیچ چالاکییەکی نەگونجاو و ناشایستە ئەنجام بدەن. لەبەرامبەردا، ڕژێمی عێراقیش فەرمانی چەککردنی هێزەکەی سەردار بەگی دەرکرد و، ئەو چەکدارانەی بە خاوخێزانەوە گواستەوە بۆ ڕومادی و حیللە و، لەوێ لە ئاوارەیی و نەهامەتیدا نیشتەجێی کردن، کاک سەردار و براکانیشی لە بەغدادا نیشتەجێ بوون. ئیدی سەردار بەگ بە ئیش و کاری ئابووریی تایبەتەوە سەرقاڵ بوو و، بە لێهاتوویی و هۆشمەندی و ناوبانگی چاکی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا سەرکەوتنێکی باشی لەو بوارەدا وەدیهێنا، ئەمە سەرباری گشت ئەو ئاستەنگ و کۆسپانە کە سەرانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بە ئەنقەست دژ بە کاک سەردار دەیانخولقاند و زەرەر و زیانی ماددیی زۆریان پێدەگەیاند. هەروەها هەندێک لە برا و کەسەکانی کاک سەرداریش تووشی ڕاوەدوونان و مەینەتییەکی زۆر هاتن بە بڕٍو و بیانووی جیا جیاوە، بڕێکیان بەرەو هەندەران پەنایان برد و بڕێکی دیکەشیان ڕوویان کردە کوردستانی ئازاد. بەڵام سەرباری گشت ئەو بارودۆخ و پێشهاتە سەختانە، نەخاسمە لە دەیەی نەوەتەکاندا، کە ڕووبەڕووی سەردار بەگ بوونەوە، کەچی ئەو هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و هیوایەکی مەزن و دڵ و دەروونێکی کراوەوە دیڕوانییە دواڕۆژ. بەڵێ، سەردار بەگ هەمیشە نموونەی مرۆڤێکی مەزن و ورە بەرز و خۆڕاگڕ بوو، سەرۆکی گەورە و پایەبەرزی عێلی گەورەی جاف بوو لە عێراق و ئێراندا، کەسایەتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و جیهانیی ناودار و پایەبەرز بوو، دانا و بەخشندە و زیرەک و ئازا و دلۆڤان و دووربین و دڵفراوان و خۆشمەعشەر و ڕۆشنبیر و لەسەرخۆ و خۆشەویست بوو. کاکە سەردار جگە لە زمانی کوردیی دایک زۆر بە باشی زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزیی دەزانی و، بۆ هەرچی وڵاتێکیش چووبێت گوڵی کۆڕ و مەجلیسەکان بووە و ڕێز و حورمەتێکی زۆری لێگیراوە. سەردار بەگ کە ڕۆڵێکی بەرچاو و دیاری هەبوو لە کاتی پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراقدا، هەر لە پاش ڕزگار بوونی عێراق بە گوڕ و تینێکی نوێ و بە ئاواتێکی هەرە گەورەوە کەوتە هەوڵی ئەوەی عێلی گەورەی جاف بەو شوێن و پایە شایستەیە بگەیەنێت کە لەگەڵ مێژووی پڕ لە سەروەریی و قەبارەی مەزنیدا بگونجێت و، بتوانێت ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شارەستانیی کاریگەر و بەرچاو لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستاندا ببینێت و شوێن دەستی دیاربێت. ئەوەبوو کاکە سەردار بەگ لەسەر ئەرکی خۆی لە بەرواری 2/10/2004دا هەڵسا بە سازدانی کۆنگرەی عێلی جاف و عەشیرەتە هاوپەیمانەکانی لە هەولێری پایتەختی کوردستاندا (هۆڵی زەرد) کە تێیدا بە ئامادەبوونی نوێنەری جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، هەزاران کەس لە ڕۆڵەکانی جاف و تیرە ڕەسەنەکانی تری کورد بەشدار بوون. وەلێ مخابن هەر لە پاش ئەو کۆنگرە مێژووییە و هیوا بەخشە، سەردار بەگ کتوپڕ تووشی نەخۆشییەکی سەخت دەبێت و، بە هیوای چارەسەری و چاکبوونەوە دووجار سەردانی هەندەران دەکات. سەرئەنجام لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی 20/7/2005 کۆچی دوایی دەکات و بە بارەگای هەق دەگات. ئەوجا تەرمەکەی بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەهێنرێتەوە سلێمانی و لەلایەن نوێنەرانی بەڕێزان مام جەلال سەرۆکی عێراق، کاک مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و، گەورە بەرپرسانی حزبی و ئیداری و سەربازیی هەرێمی کوردستان و جەماوەرێکی یەکجار زۆرەوە پێشوازیی لێدەکرێت و، پاشان لە کەژاوەیەکی شکۆداردا بەرەو کەلار، خاکی دایک، بەڕێ دەکرێت و لەوێش لە مەراسیمێکی شایستەدا بەخاک دەسپێردرێت و، پرسەیەکی شاهانەی لە ماڵی ڕەحمەتی مستەفا بەگی جاف لە تەنیشت قەڵای شێروانەدا بۆ دادەنرێت. هەر بەو بۆنەیەوە چەندین مراسیمی پرسە و ماتەمینی لە دەرەوەی وڵاتدا رێکخران و، سەدەها برووسکە و نامەی ماتەمینی ئاڕاستەی بنەماڵەی سەردار بەگ کران.

لە ڕاستیدا، لە دەستدانی کاکە سەردار نەخاسمە لەم بارودۆخەدا، مایەی زەرەر و زیان و کۆستێکی گەورەیە بۆ بەگزادە و عێلی جاف بەتایبەتی و میللەتەکەمان بەگشتی، بەڵام مایەی سەبووریمانە کەوا بەڕێز مریەم خان هاوسەر و هاوەڵە دڵسۆزەکەی کاک سەردار و، کاکە داوودی کوڕی و جێگری (خاوەنی بەکالۆریۆس لە بەشی کارگێڕی- بەریتانیا) و هەردوو کیژە بەڕێزەکەی: سەیران (دەرچووی بەشی وەرگێڕان- زمانی ئینگلیزی/ زانکۆی بەغدا) و سۆما (دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری- زانکۆی تێکنۆلۆژی بەغدا) و، سەرجەم برا بەڕێزەکانی و خزم و کەسو کارە ڕەسەنەکانی لە ماڵباتی بەگزادەی جاف، هەر هەموویان پەرە بە ڕێباز و خەسڵەتە پیرۆزەکانی ئەو زاتە دەدەن و بیرەوەری و سەروەرییە مەزنەکانی زیندوو دەکەنەوە و دەپارێزن.

أمر بتعيين السيد سردار بگ الجاف بعنوان المرافق الأقدم لشاه إيران

فرمان ، تعيين سرداربگ الجاف من قبل محمد رضا شاه بهلوى بالمرافق الأقدم له ( آجودان الأقدم )

السيد سرداربگ الجاف مع السيد مسعود البرزانى

السيد سردار بگ الجاف مع عدد من المقاتلين فى احدى المقرات

صور من إستقبال السيد سردار بگ الجاف من قبل رؤساء الأفخاذ وافراد قبيلة الجاف فى كوردستان بعد سقوط صدام حسين

داوود بەگی سەردار بەگی جاف

میری لاو و ئازیز داوود بەگی کوڕی سەردار بەگی داوود بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف، کە بە نازناوی (سیروان) ناسراوە، ڕۆژی 11/3/1972 لە شاری تاراندا هاتۆتە دونیاوە، هەر لەو شارەدا کە دەمێک بوو باوکی و مامەکانی و زۆر لە خزمانیان بە خاوخێزانەوە نیشتەجێ بووبوون، کاکە سیروان سەردەمی منداڵیی خۆی بەسەر دەبات و، لە سایەی باوکی ناوداریدا و دایکی بەڕێز و دلۆڤانیدا، مریەم خانی کچی پێشەوای شەهید قازی محەمەد لەسەر ڕەوشتی جوان و دابونەریتی کوردەواری ڕەسەن و خۆشەویستیی کورد و کوردستان بەخێو و پەروەردە دەکرێت. ئیدی پەیتا پەیتا میری تازەپێگەیشتوو (سیروان بەگ) لەسەر دڵسۆزی و ئەمەکداری بۆ بیرەوەری و سەروەرییە مەزنەکانی باپیرە گەورانی ، پابەند و جێگیر دەبێت، نەخاسمە باپیری مەزنی پێشەوا قازی محەمەد، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان (( مەهاباد))، داوود بەگ میری جافی جوامێر و هەڵکەوتوو. پاشان سیروان بەگ چووە قوتابخانەی سەرەتایی لە تاراندا و، هەرکە پۆلی دووی سەرەتایی بڕی لەگەڵ کەسوکار و خزمانیدا، پاش هاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکمی ئەو وڵاتە (ساڵی 1979) بۆ عێراق گەڕانەوە. دوای ئەوەی ماڵیان لە بەغدا جیگیر دەبێت، کاکە سیروان لە پۆلی سێهەمی سەرەتاییدا، پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەک، لە قوتابخانەیBaghdad International School وەردەگیرێت و لەسەر خوێندەکەی بەردەوام دەبێت، پاشانیش قۆناغی دواناوەندی هەر لە بەغدا تەواو دەکات. ئەوجا کاکە سیروان بە مەبەستی وەدەستهێنانی خوێندنی باڵا دەچێتە شاری لەندەن و لەوێندەر بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی کارگێڕیدا لە European Busnes School ساڵی 1996، وەدەستدێنێت. پاشان دەگەڕێتەوە بەغدا و بە دڵ و بە گیان خزمەتی سەردار بەگی باوکی، میری جاف، دەکات و دەبێتە دەستە ڕاستی ئەو زاتە لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە ئابووری و بازرگانییە مەزنەکانیدا و، ڕاپەڕاندنی کاروبارە خێڵەکی و کۆمەڵایەتییە هەمە لایەنەکانیدا. بەگشتی کاکە سیروان بەگی بەئەمەک و چالاک دەبێتە هاوغەم و هاوسۆز و هاوخواستی باوکی بەڕێزی لەو ساڵە قورس و پڕ لە نەهامەتی و کوێرەوەرییانەی تەمەنی عێراقدا لە ژێر سێبەری ڕژێمی دیکتاتۆریی بەدفەڕی بەعسدا. هاوکات کاکە سیروان لە کۆڕوکۆمەڵ و دانیشتنە بەپێزەکانی باوکیدا و تاقیکردنەوە دەوڵەمەندەکانی لە ژیاندا، وانە و پەند و عیبرەتگەلێکی زۆر فێردەبێت. ئیدی گشت نیشانە و دیاردەکان ئاماژیان بەوە دەکرد کە کاکە سیروان بەگ، وەک چۆن باوکی دەیخواست، دەبێتە باشترین جێگر بۆ ئەندامە ڕەسەن و جوامێرەکانی پێشووی ماڵباتی بەگزادەی جاف و، بە لێهاتوویی شوێنیان پڕ دەکاتەوە.
پێش ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕ بە دوو ساڵ کاکە سیروان بە چاودێری و پلان و سەرپەرشتیی کاکە سەردار بەگی باوکی، ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە دوژمنایەتیکردنی ڕژێمی عێراق بە نهێنی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە. ئەوەبوو کاکە سیروان بەگ لە جیاتی باوکی پێوەندیی بە لایەنی پێوەندیداری ئەمریکی، لەو بارەیەوە، کرد و، چەند دجارێک بەناوی جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلی ئابوورییەوە هاتە کوردستانی ئازاد (نەخاسمە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان)، هەر جارێکیش بە نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا کۆ دەبووە، ئەویش بە مەبەستی دانانی پلان و وەدیهێنانی هەماهەنگیی پێویست بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس. جا وێڕای پیادەکردنی چەندین ڕێ و شوێنی پێویست لەلایەن کاکە سیروانەوە بە مەبەستی دوور بوونی لە شک و گومانی دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگریی عێراقەوە، کەچی ئەو هەر مایەی گومانی ئەو دەزگایانە بوو و، لەلایەن ئەوانەوە بە وردی و بەردەوام چاودێری دەکرا. تەنانەت دووجار لەسەریەک تووشی گرتن و لێپرسینەوەی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس هات لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ بەغدا لە کوردستانەوە. جاری یەکەمیان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2002دا بوو، کاتێک لە خاڵی پشکنینی نێوان هەولێر و کەرکووکدا ڕاگیرا و ڕاپێچی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگریی ناوچەی ڕۆژهەڵات لە کەرکووکدا کرا (المنڤومە الشرقیە)، جاری دووهەمیش بە هەمانشێوە (مانگی کانوونی دووهەمی 2003) لەلایەن دەزگای موخابەراتی کەرکووکەوە ڕاگیرا، لە هەردووجاریشدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەی چڕوپڕی لەگەڵدا کرا. بەڵام سیروان بەگ بە هێمنی و لەسەرخۆیی و بوێری و زیرەکی خۆی توانیی خۆی بپەڕێنێتەوە و لەو دوو تەنگژەیە دەربازبێت و نەهێڵێت بەرپرسان و لێکۆڵەرانی ئەو دوو دەزگایە هیچ خاڵێکی لاوازی لەسەر تۆمارکەن. سەرئەنجام، هەردووجارەکە، لە پاش چەند کاتژمێرێک لە گرتن و لێکۆڵینەوە ناچاربوون بەنابە دڵی، ئازادی کەن. هەرکە هێزەکانی هاوپەیمانان شاڵاویان کردە سەر عێراق، سیروان بەگ شانبەشانی باوکی ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراقدا بینی و، لەو پێناوەدا هاوکارییەکی پێویست و باشیان بەو هێزانە بە فەرماندەیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد. ئیدی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان سەردار بەگ و سیروان بەگی کوڕی لەلایەک و کاربەدەستانی ئەمریکی لە عێراقدا لەلایەکی ترەوە، نەخاسمە باڵیۆز (برێمەر) و فەرماندە سەربازییەکان، بەردەوام بوون و زیاتر پەرەیان سەند. ئەو کاربەدەستانە، لە سەروویانەوە مستەر پۆڵ برێمەر، زۆر بە ڕێز و سوپاسگوزارییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کاک سەردار و کاک سیرواندا دەکرد و چەندین جار دەهاتنە سەردان و میواندارییان. بە هەمانشێوە کاکە سەردار بەگ و کاکە سیروانی کوڕی هەڵوێستێکی نەتەوەیی بەرز و دیاریان بەرامبەر سەرکردەکانی کورد لە بەغدادا پەیڕەوکرد. ئەوەبوو کاتێک ئەو سەرکردە بەڕێزانە لە کوردستانەوە چوونە بەغدا و، لەو بارودۆخەدا بەپێی پێویست بۆ ماوەی جیاجیا مانەوە، کاکە سەردار و کاکە سیروان هەموو یارمەتی و ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش کردن و گشت توانایەکیان خستە بەردەستیان. هەر لەو سەروبەندەدا بەڕێز مام جەلال و هەڤاڵەکانی و زۆر لە سەرکردە بەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی ماڵی کاک سەردار بەگیان کرد و لەلایەن خۆی و کاکە سیروانی کوڕییەوە مێوانداری و پێشوازیی گەرم و گوڕییان لێکرا. هەمیسان جێی ئاماژەیە کەوا کاکە سیروان بەگ هەوڵ و ڕۆڵێکی یەکجار دیار و کاریگەری نواند لەسەرخستنی کۆنگرەی عێلی جاف و عەشیرەتە هاوپەیمانەکانیدا کە لە بەرواری 2/10/2004دا لە هەولێری پایتەختی کوردستاندا جەنابی سەردار بەگی باوکی، سەرۆکی عێلی جاف، بە دەستپێشخەری و هیمەت و توانای کەسیی خۆی سازی دا و، سەرکەوتنێکی مێژوویی هەرە مەزن و سەرنجڕاکێشی وەدیهێنا. لە ڕاستیدا کاکە سیروان بەگ چ لە ماوەی ئامادەکاریی کۆنگرەکەدا یاخود لە ڕۆژی سازدانیدا لە هەولێر، ئەو پەڕی نموونەی لێهاتوویی و ماندوونەناسی و لەخۆبووردوویی و ئەمەکداریی بەرجەستە کرد. کاتێکیش سەردار بەگ هەر لە پاش بەستنی کۆنگرەکە، نەخۆش کەوت و باری تەندروستیی تێکچوو، سیروان بەگی دڵسۆز و میهرەبان گشت کات و توانا و هەوڵێکی خۆی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی باوکی و چاودێریکردنی باری تەندروستیی و فەراهەمکردنی پشوو و ئاسوودەگی و باشترین و پێشکەوتووترین ئاستی چارەسەریی پزیشکی لە جیهاندا بۆی. بەو جۆرە سیروان بەگ چەند مانگێکی لە خزمەت باوکیدا لە هەندەران بەسەر برد و لەو پێناوەدا شەو و ڕۆژی دەدایە دەم یەک و شەونخوونیی دەکرد، تا ئەو کاتەی لە ڕۆژی 20/7/2005دا سەردار بەگ لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا وەفاتی کرد. هەر لەپاش تەواو بوونی مەراسیمی ئەو پرسە و ماتەمینە شکۆدارە کە لە کەلاردا بۆ ڕەحمەتی سەردار بەگ بەڕێوەبرا، نوێنەرانی خانەوادەکانی ماڵباتی بەگزادەی جاف لە ماڵی (ڕەحمەتی) سەرتیپ بەگی حەمە ئەمین بەگی جاف لە کەلاردا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا میری لاو و هەڵکەوتوو سیروان بەگ لە شوێنی باوکیدا بە سەرۆکی عێلی جاف بەگشت تیرە و هۆزەکانییەوە، دابنێین و، پاشانیش لەکاتی گونجاودا، بۆ هەمان مەبەست، ڕاپرسییەکی گشتی لەسەر ئاستی عێلی جافدا ئەنجام بدرێت. بێگومان هەڵبژاردنی سیروان بەگ بۆ ئەم ئەرکە بڵندە بە تەواوی لە شوێنی خۆیدایە و، بەڕێزیان بەڕاستی کەسی شیاوی ئەم شوێن و پایە شیاوەیە. لە ڕاستیشدا کاکە سیروان بەگ، جوامێری و مەردی و بوێری و غیرەت و چاونەترسی و هەڵکەوتوویی باپیری (داوود بەگ) و، دانایی و دلۆڤانی و لەسەرخۆیی و ویقار و بەخشندەیی و ڕەوشتبەرزی و خۆشمەعشەریی سەردار بەگی باوکی، تێدایە. هەروەها سیروان بەگ لاوێکی پڕ ئاوات و ڕۆشنبیر و تێگەیشتووە و، زۆر لە وڵاتانی جیهانی بینیووە و، جگە لە زمانی شیرینی کوردی (زمانی دایک) ئینگلیزی و فارسی و عەرەبی بەباشی و، هەندێکیش ئەڵمانی دەزانێ.

الرئيس الشاب الحالي لقبيلة الجاف

لەگەل کاک مەسعوودبارزانی وە سەرداربەگ ، د.حەسەن جاف ، خەسرەوجاف وچند خزم وکەسوکاری خوی

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
[email protected] [email protected]