دەربارەی عەشیرەتی جاف   -   زێدی جاف و بەشە سەرەکییەکانیان
زێدی جاف و بەشە سەرەکییەکانیان

عێلی گەورەی جاف بە گشت تیرە و هۆزەکانییەوە لە چەندین شوێن و جێگای بەرین و جیاجیای کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا (کوردستانی عێراق و ئێران) نیشتەجێن. سەبارەت بە شوێنی یەکەم دەڵێین، زۆربەی ئەم عێلە ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک و دیالەدا دەژین و، هەردوو ناوەندی قەزای کەلار و هەڵەبجە بە شار و مەڵبەندی سەرەکیی جاف و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکیی بەگزادەکانیان دەژمێردرێن. بوونی جاف بە شێوەیەکی چڕوپڕ لە دەڤەرەی شارەزووردا بەدەردەکەوێت، دوو تیرەشیان بەناوی تەلان و سمایل عوزێری لە ناوچەی دۆکان و سورداشدان، جافە رەشکەش بەزۆری لە ناوچەی پشدەردان لە باکووری سلێمانیدا. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە تیرەی گڵاڵی لە شاری هەولێر و گوندەکانی دەوروبەریدا دەژین. ئەمە وێڕای ئەوەس کە چەندین تیرەی دیکەی جاف وەک: تایشەیی و قادر میروەیسی و بێویانی و.... لە سنووری قەزای خانەقی، پارێزگای دیالە لە ڕۆژهەڵاتی رووباری سیرواندا دەژین . هەمیسان دەڤەری بەرینی گەرمیان بە گشت شوێنە جیاجیاکانییەوە دەیان هەزار جاف لەخۆ دەگرێت. لە کوردستانی ئێرانیشدا، رۆڵەکانی عێلی جاف لە هەردوو پارێزگای کرماشان و کوردستاندا بە گشتی نیشتەجێن و دەتوانین شوێنی نیشتەجێبوونیان بەم شێوەیە دیاری بکەین: قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو هەتا سنووری رووباری سیروان و، دۆڵی عەلی عاسی تا سنووری عەشرەتی سنجاوی لە باکوور و رۆژهەڵاتی شاری کرماشاندا، هەروەها روانسەر و جوانڕۆ (جوانڕۆ مەڵبەندی رەسەن و دێرینی گشت جافە) . دیسان زێد و شوێنی جاف درێژ دەبنەوە تا دەگەنە ناوچەکانی دڕۆڵە و مەڕەخێڵ و شمشێر و پاوە و دەوروبەری نەوسود . لە رووی شوێنی جوگرافییەوە دەتوانین عێلی جاف بکەین بە سێ بەشی سەرەکییەوە:

1ـ جافی مورادی لە عێراق 2 ـ جافی جوانڕۆ لە ئێران 3- جافی گۆران لە ئێران (ئەم بەشە ئەو جافانەش دەگرێتەوە کە لە کەناری ڕۆژهەڵاتی رووباری سیرواندا لە سنووری خانەقیدا دەژین).

ژمارەی عێلی جاف بە گشتی (واتە لە عێراق و ئێراندا) دەگاتە پتر لە دوو ملیۆن کەس بەپێی سەرژمێریگەلێکی نافەرمی، بەم پێیە جاف بە گەورەترین عێلی کورد دەژمێردرێت(( لە ڕووی ژمارە و شوێنەوە)). دیارترین عەشرەت و تیرەکانی جافی مورادی لە عێراقدا ئەمانەن: میکایڵی، شاتری، وردەشاتری، رۆغزایی، تەرخانی، باشکی،جنگنی، هارونی، گڵاڵی، سەدانی، کەماڵەیی، بێداخی، نەورۆڵی، یەزدان بەخشی، وەڵی، نەژوێنی، مەسۆیی، مامۆیی، شێخ سمایلی، سۆفی وەن، تاوگۆزی، میراولی، پشتماڵە، عەمەڵە، عیسالی، بێسەری، تەلان، یەسوجانی، چوچانی، قەویلەیی، تیلەکۆ، سمایل عوزێری، جافە رەشکە... عەشرەت وتیرەکانی جافی کوردستانی ئیرانیش (( جوانڕۆیی و گۆران )) بەگشتی ئەمانەن: رۆستم بەگی، وەکیلی، قوبادی، باوەجانی، ئێناخی، ئیمامی، ساتیاری، شمشێری، کڵاشی، زەردۆیی، کۆکۆیی، کوێرەکی، وەڵە بەگی، قادر میروەیسی، کویک نیرجی، عەلی یاخەیی، بەبلی، دۆرۆیی، دەلەزیری، دەروێشی، قەڵخانجک، کورەک کج، نیرێژی، ئەلیاسی، سۆفی، کاکە رەشى، گاخۆری، کشتی، یەسویار ئەحمەدی، دارخۆر، گاوری، ئەلیارەکی، بێویانی، قوجالی، عالی، کوزەرەیی، بازانی، جوخەیی، هاوری، سەیالی..

مناطق سكن قبيلة الجاف هي المنطقة المحاطة بخط أسود متقطع

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
[email protected] [email protected]